ژنە فەرمانبەرێک لە کەرکووک بە 12 ساڵ زیندانی سزا درا
ژنە فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرە لە کەرکووک، هەستاوە بە دەستکاریکردنی تۆماری خانووبەرە و بەهۆیەوە 6 بڕیاری تاوانبارکردنی خراوەتە پاڵ.
دادگەی تاوانەکانی کەرکووک ژنە فەرمانبەرێكی سزا دا، کە لە بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرە ساختەکاری کردووە و زیانی بە موڵکی گشتی گەیاندووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، دادگەی تاوانەكانی كەركووک، شەش بڕیاری تاوانباركردنی دژی ژنە فەرمانبەرێكی بەڕێوەبەرایەتی خانووبەری دووی كەركووک دەركردووە، كە بۆ هەر بڕیارێكیان دوو ساڵ زیندانی بەسەر ئەو فەرمانبەرەدا سەپێندراوە. كۆی گشتی سزاكان دەگاتە 12 ساڵ زیندانی.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستی دەستپای عێراق، ئەو ژنە فەرمانبەرە جێگری بەڕێوەبەری هۆبە بووە لە خانووبەری كەركووک، هەستاوە بە دەستکاریکردنی تۆماری خانووبەرە، وەكو سڕینەوە و راییكردنی چەند مامەڵەیەكی فرۆشتنی خانووبەرە بەشێوەیەكی نایاسایی، ئەمەش وێڕای ساختەكردنی مامەڵەی خانوبەرە و زیان گەیاندنی ئەنقەست بە پارەو بەرژەوەندی لەو شوێنەی كاری تێداكردووە.
سەرەڕای ئەم کارانە، ژنە فەرمانبەرەکە لەگەڵ تۆمەتبارێكی دیكە (كە دۆسییەكەی جیاوازە)، مامەڵەی فرۆشتنی موڵكێكی کردووە و بەمەبەستی فرۆشتنی، فایلێکی لاوەکی کردووەتەوە و دواتر بەئەنقەست فایلە سەرەكییەكی وونكردووە. تەنانەت دەستكاری ژمارەی سەرەكی فایلی ئەو موڵكەی كردووە كە سەر بە شارەوانی كەركووکە، بەمەش زیانی بە مۆڵكی گشتی گەیاندووە.