پایتەخت

سەرۆک بارزانی لە نێوان ئاگری شەڕ و هیوای ئاشتیدا

کورتە

سەرۆک بارزانی؛ لە نێوان ئاگری شەڕ و هیوای ئاشتی لە رۆژئاڤادا

لە نێوان ئاگری شەڕ و هیوای ئاشتیدا؛ کاتێک سەرۆک بارزانی ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت

ڕۆژئاڤای کوردستان، ئەو بەشە هەستیارەی نیشتمان کە دەمێک ساڵە شەڕ بەرۆکی پێ گرتووە و دوژمنان خاکی ئەم بەشەیان بە خوێنی کورد سوور کردووە، ئەم جارەش هێزە تازە بەدەسەڵات گەیشتووەکەی ئەحمەد شەرع، پەلامارێکی دیکەیان بۆ کورد دا، پەلامارێک لە چەشنی کۆمەڵکوژی و تاوانی نگریس، لە بەرامبەردا کورد وەک چیاکانی خۆڕاگر و وەک ئاڵاکەی هەمیشە سەربڵند بوو، چونکە ئەمجارە کەسێک لەنێوان کێشەکاندا بوو بە نێوەندگیر، نێوەندگیرێک بۆ کۆتاییهێنان بە ماڵوێرانی و بەناهەق ڕشتنی خوێنی کورد، پێداگرێک لەسەر مافی ڕەوای کورد لەم بەشە و توانی نەک هەر لە ئاستی ناوچەییدا، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیشدا کێشەکان یەکلایی بکاتەوە، ئەو کەسەش سەرۆک مەسعود بارزانی، مەرجەعی کورد بوو، کە لە گەرمەی ئاگر و شەڕدا، موژدەی ئاشتی و ئارامیی کردە دیاری بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان. 

"ئەگەر دەستدرێژی بۆ سەر کورد بکرێت، ئامادەی هەموو شتێکین"، ئەمە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی بوو بۆ کۆکردنەوەی لایەنە کوردەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان، چونکە سەرۆک بارزانی هەر لە سەرەتای ڕووداوەکانەوە، پشتگیریی ئاشکرا و بەردەوامی لە مافەکانی کورد لە سووریا کرد،  ئەو باوەڕی بە یەکگرتوویی نێو ماڵی کورد هەبوو و بە بەردەوامی بانگەشەی بۆ هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد، ڕۆڵی ئەو وەک هێزێکی هاوسەنگ لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی کورد لە ڕۆژئاڤا دیار بوو، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ناکۆکییە سیاسییەکان گەیشتنە لوتکە، لەگەل مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبووەوە، لایەنەکانی دیکەی کوردیشی ڕێکخست و تەباییەکی گشتگیری دروست کرد، ئەو متمانە و دڵنیایی بە ڕۆژئاڤای کوردستان بەخشی، کە ئەگەر یەکگرتوو بین، دوژمن حیسابێکی دیکەمان بۆ دەکات و ناتوانێت دەستمان بۆ درێژ بکات. 

دوای ڕێکخستنی نێوماڵی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان، سەرۆک بارزانی چەند جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی بە ئەحمەد شەرعەوە کرد، پێداگریی خۆی بۆ مافی کورد لە سووریا دووبارە کردەوە و جەختی لەسەر ئەوە بوو، کە پێویستە ڕشتنی خوێنی تاکی کورد ڕابگیرێت، شکۆ و ماف و کەرامەتی کورد لە سووریا بە بەها و نرخەوە سەیر بکرێت، سەرۆک بارزانی جەختی لە چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان، لە ڕێگەی دیالۆگ و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع كردەوە. 

هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع زیاتر بۆ ئەوە بوون، کە کێشەکان بە شێوەیەکی عەقڵانی و دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت و کورد نەبێت قوربانی شەڕ و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، کە ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی و بەرچاوی لە یەکلایی کردنەوەی کێشەکاندا هەبوو. 

سەرۆک بارزانی هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە چارەسەری کێشەی کورد و سووریا دەبێت لە چوارچێوەی سووریایەکی فیدراڵی یان دیموکراتیدا بێت، ئەمەش پێویستی بە هەوڵ و کۆششی نێودەوڵەتی هەبووە، کە هەر بەم هۆیەوە، لەگەڵ چەندین کەسایەتیی جیهانی وەکو تۆم بارک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە سووریا تاوتوێی دۆخەکەی کردووە، سەرۆک بارزانی لەگەڵ جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و ویندی گرین، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و حکومەتی ئەمریکای بۆ هەوڵەکانی گەیاندەووەتە سەرۆک بارزانی.

جیا لەمانە له‌ سه‌ردانێکیدا بۆ ئیتاڵیا، سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری ئه‌و وڵاته‌، له‌گه‌ڵ قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەیەم كۆبووه‌وه‌، پیترۆ پارۆلینی سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان، ئەنتۆنیۆ تایانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا كۆبووه‌وه‌. 

سەرۆک بارزانی جیا لەم کۆبوونەوە و هەوڵانە ڕەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گرت و ڕایگەیاند، خاکی کوردستان بە ناحەقی دابەشکراوە و دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات، سەرجەم ئەم هەڵوێستانە ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤای کوردستان ئارامتر و پارێزراوتر بێت. 

لەئێستادا ئیتر سەرۆک بارزانی بووەتە سەرچاوەیەکی گەورە و یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان، ئەو بە ڕۆڵێکی سیاسی، نەتەوەیی و ستراتیژی، هەوڵی دا کە کورد لە ڕۆژئاڤا دەنگێکی یەکگرتووی هەبێت، ماف و کەرامەتییان لەلایەن حکومەتی سووریاوە پارێزراو بێت و جیهان  پشتیوانییان بکات، چونکە ئەو هەمیشە قسەی ئەمە بووە، "گەلی کورد یەک نەتەوەیە و یەک چارەنووسیشمان هەیە".

07 شوبات 2026 21:28
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026