ژوان محەممەد؛ داخستنی کەناڵی زووم تیرۆرکردنی بژێوی دەیان خێزانە
ژوان محەممەد، ڕۆژنامەنووس لەسەر پێشێلکردنی مافی ئازادیی ڕۆژنامەگەری هاتە دەنگ و داخستنی کەناڵی زووم بە نموونە دەهێنێتەوە، کە چۆن بووەتەوە قوربانی بێلایەنی.
ژوان محەممەد، ڕۆژنامەنووس و کارمەندی پێشووی کەناڵی زووم لە چوارچێوەی چەمکی "ئازادی ڕۆژنامەگەری" تیشکی خستەسەر داخستن و پێشێلکردنی مافی کارمەندانی کەناڵی زووم و جەختی کردەوە، کە ئازادیی ڕاستەقینە و دەستەبەری ماف، ئەوەیە کە بەرگری لەو دەنگە بکەیت کە جیاوازە لە تۆ، نەک تەنها ئەو دەنگەی کە خزمەت بە ئەجێنداکەی خۆت دەکات.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ژوان محەممەد:
ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە نێوان هاواری بەرژەوەندی و بێدەنگییەکی پڕ ستەمدا “زووم“یش وەک نموونە.
هەستکردن بە نادادپەروەری زۆر سەختە، بەتایبەت کاتێک دەبینیت "یاسا" و "بەرگری لە مافەکان" بەپێی بەرژەوەندیی سیاسی دەگۆڕێن. ئەم جیاکارییە لە دەربڕینی هەڵوێستدا، نیشانەی ئەوەیە کە زۆرجار ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەکرێتە قوربانی ململانێی هێزەکان.
کاتێک باس لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەکرێت، پێویستە باس لە چەمکێکی گشتگیر بکەین کە هەموو دەنگەکان و هەموو دامەزراوەکان بگرێتەوە، بەبێ گوێدانە ناسنامەی سیاسییان.کاتێک کەناڵێک دادەخرێت و کارمەندەکانی بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی بێبەش دەکرێن لە مافەکانیان، ئەوە تەنها داخستنی دەزگایەک نییە، بگرە تیرۆرکردنی بژێوی دەیان خێزان و بێدەنگکردنی ڕەهەندێکی ڕاستییە.
من تێناگەم بۆچی ئەم دوو فاقییە بوونی هەیە؟ بەداخەوە، زۆرجار داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستاندا دابەشی سەر بەرژەوەندییەکان بووە،
کاتێک "بەرژەوەندی" هەبێت دەنگەکان بەرز دەبنەوە و داخستنی نوسینگەیەک دەکرێتە هەرایەک و لایەنی بەرژەوەندیدار پێی وایە جێی قبوڵکردن نیە و پێشێلی مافە.
بەڵام کاتێکیش کەناڵێکی وەک (زووم) دادەخرێت و کارمەندەکانی دەبنە قوربانی، لەبەر ئەوەی لە هاوکێشە سیاسییەکەدا سودی بۆ لایەنەکان نییە، هەمووان چاوپۆشی لێ دەکەن. "ئازادیی ڕاستەقینە و دەستەبەری ماف،ئەوەیە کە بەرگری لەو دەنگە بکەیت کە جیاوازە لە تۆ، نەک تەنها ئەو دەنگەی کە خزمەت بە ئەجێنداکەی خۆت دەکات."
جا گەر بڕیارە بەرگری لە ئازادیی ڕادەربڕین بکرێت، نابێت جیاکاری لە نێوان نوسینگەیەکیNRT و زووم و هیچ کەناڵێکی دیکەدا بکرێت،و هەر لادانێکی ناڕەوای کارمەندێک لە پۆستەکەی یاخود نان بڕاوکردنی یانیش بێدەنگکردنی، پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچەوانی ئەو دەسەڵاتەی بانگەشەی پاراستنی مافەکان دەکات.
بێدەنگی لە ئاست داخستنی (زووم) و هاوارکردن بۆ داخستنی نوسینگەیەکی کەناڵێکی تر جا لەلایەن هەر کەس و دەنگێکی دەسەڵاتەوە بێت، تەنها ناشرینکردنی چەمکی "ئازادی"ـیە، نەک خەم خواردن لە ئازادی ڕادەربڕین.
پێویستە هەمووانیش بزانن نەک پێویستە وەڵا هەمووان خۆیان هەر ئەزانن گەر بیانەوێ بزانن، کە مافی ڕۆژنامەنووس نابێت مامەڵەی پێوە بکرێت؛ چ لە هەولێر بێت، چ لە سلێمانی، و چ لە هەر شوێنێکی تری ئەم نیشتمانە، بێگوومان ڕۆژنامەنووسێکی ئەصڵ نەک ئەوەی لە پێناو پڕبوونی گیرفانی چۆنیان بووێ ئەیهێنن و ئەیبەن... ڕێزیشم بۆ ئەو هاوکارانەی NRT.