ئەمنیستی: کۆریای باکوور هەرزەکاران لەسەر سەیرکردنی سکوید گەیم لەسێدارە دەدات
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە (ئەمنیستی)، ڕاپۆرتێکی لەسەر سزایە توندەکانی کۆریای باکوور بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، مندڵان ناچار دەکەن ئامادەی لەسێدارەدانی تاوانباران بن.
لە کۆریای باکوور لاساییکردنەوە و چاودێریکردنی کولتووری کۆریایی باشوور بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و خەڵک لەسەری بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە (ئەمنیستی) لە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی توانیویانە لە کۆریای باکوور هەڵبێن، ڕایگەیاند، هەرزەکار و منداڵانی قوتابخانە لەسەر سەیرکردنی فیلم و زنجیرە درامای کۆریای باشوور، بۆ نموونە وەک "سکوید گەیم" بە چەندین شێوەی جیاواز سزا دەدرێن.
سزایەکان بەم شێوەیەن؛ لە سێدارەدان، ناردنی ئەو مندڵانە بۆ کامپەکانی کارکردن، یان لە شوێنە گشتییەکان زۆر بەبێ زەییانە سووکایەتییان پێ دەکرێت.
ئەو هەرزەکارانە بە (ئەمنیستی)ـیان گوتووە، دەسەڵاتداران ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە گوێ لە میوزیکی پۆپی کۆریای باشوور دەگرن. لەوانە وەک گۆرانییەکانی گرووپی بی تی ئێس BTS. پێشووتریش لە ساڵی 2021، ڕۆژنامەی کۆریا تایمز بڵاوی کردەوە، کە هەرزەکارانی کۆریای باکوور بەهۆی گوێگرتن لە BTS دەستگیرکراون و سزا دراون.
لە درێژەی قسەکانی ئەو هەرزەکارانەدا هاتووە، "ترسێکی زۆر" لە کولتووری کۆریای باشوور هەیە، بەشێوەیەک دەسەڵاتداران دەستگەیشتن بە هەر زانیارییەک بە تاوان دادەنێن، کە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە. جگە لەمەش، منداڵان ناچار دەکەن ئامادەی کاتی لە سێدارەدانی تاوانبارن بن، ئەمەش وەک بەشێک لە پەروەردەیان.