هۆکاری داخرانی کەناڵی ئێن ئار تی چییە؟
بە بڕیاری داواکاری گشتی، سەرجەم نووسینگەکانی دەزگای میدیایی ئێن ئاڕ تی، لە هەرێمی کوردستان دادەخرێن و یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە هەولێر دەستیپێکرد.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەبڕیاری داواکاری گشتیی نووسینگەی کەناڵی ئێن ئار تی لە هەولێر داخرا و پایتەخت میدیا، هۆکاری داخرانی نووسینگەکە ئاشکرا دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، هۆکاری داخرانی نووسینگەی کەناڵی ئێن ئار تی لە هەولێر، بەهۆی بێرێزی کردنی ئەو کەناڵە بووە بە سیمبووڵەکانی نیشتیمان و چەندین جار ئەم کارەی دووبارە کردووەتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی داخرانی نووسینگەی کەناڵی ئێن ئار تی لە هەولێر ڕایگەیاند، داواکاری گشتی هەرێم ئەم کەیسەی لە دژی کەناڵی ئێن ئار تی جووڵاندووە و بۆ دادگەی لێکۆڵینەوەی ناردووە، چونکە کەناڵەکە چەندین جار بێرێزی بە سیمبووڵەکانی کوردستان کردووە و بەردەوام دووبارەی دەکاتەوە.
پارێزگاری هەولێر بۆ پایتەخت میدیا ئاماژەی بەوە کرد، کەناڵی ئێن ئار تی لە کاتی ڕاپۆرت و هەواڵەکانی دا، وێنەی مەلا مستەفا بارزانی کە لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان دانراوە، بە مەبەست دەیشێوێنێت، لە کاتێکدا دانانی ئەم وێنەیە بە تەواویی یاساییە و پەرلەمانی کوردستان، بە یاسا ئەمەی رێکخستووە.
پایتەخت زانیویەتی، داخرانی نووسینگەی کەناڵی ئێن ئار تی لە هەولێر، وەکو هەنگاوی یەکەمە و لە ماوەی داهاتوودا، تەواوی نووسینگەکانی کەناڵەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەخرێن.