مەسرور بارزانی دواین هەڵوێستی پارتی لەبارەی سەرۆککۆمار و کابینەی 10ـیەم ئاشکرا کرد
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەڵوێستی پارتی لەبارەی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ئاشکرا دەکات
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، کابینەی 10ـیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاگربەستی نێوان دیمەشق و رۆژئاڤا قسەی بۆ میدیاکان کرد و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی ئاگربەستەکە ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2026/2/1، لە دوای دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی ١ی شوبات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی قسەی بۆ میدیاکان کرد و ڕایگەیاند، هیچ رێککەوتێک لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە.
لەبارەی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی؛ “ئێمە لە دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتوومانە پێویستە رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت, ئێمە هەر لەسەر ئەم بیرۆکەیە بەردەوامین و ئەمە بیروبۆچوونی پارتییە و هەر ئەمە دەبێتە رێگای دروستکردنی حکومەت.”
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەسەر رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و تێکەڵکردنی پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستەکانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم گوتی:” دوو هەڵبژاردنی جیاواز لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق کراوە، بۆیە پێویست بەوە ناکات تێکەڵ بە یەکدی بکرێن.”
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاگربەستەکەی نێوان دیمەشق و رۆژئاڤای کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، “سەرۆک بارزانی رۆڵی سەرەکی بینیوە لە گەیشتنی لایەنەکان بە یەک بۆ ئەوەی شەڕ بوەستێت و ئاگر بەست بکرێت، بۆیە هیوادارین ئەم رێککەوتنە نوێیەی نێوان هەدەسە و دیمەشق، فراوان بکرێت و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە”.
لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆکی حکومەتی ئاماژەی بە یەکگرتوویی گەلی کورد کرد و گوتی: “ئێمە دەبێت یەکگرتوو و خاوەن هەڵوێست بین، دەبێت لەسەر بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەردەوام بین و رێگای شەهیدانی بەرنەدەین.”