کێشەکانی رۆژئاڤا و سووریا لە هەولێر چارەسەر دەکرێن
تۆم باڕاک و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا دەکەن
هەولێر بووەتە سەنتەری گفتوگۆکانی رۆژئاڤا و سووریا و وڵاتانی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە کێشەکانیان و ئەمڕۆ لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی گرینگ لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریا دیموکرات و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بەڕێوەدەچێت.
بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی دیکە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە) و تۆما باڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بەڕێوەدەچێت و مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر رێککەوتنە 14 خاڵییەکەی نێوان رۆژئاڤا و حکومەتی کاتی سووریا.
چاوەڕوان دەکرێت هەر لە کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم باڕاک دا، بارودۆخی رۆژئاڤای کوردستان بە گشتی، گەمارۆی سەر کۆبانێ و گوندەکانی ئەو ناوچەیە، کۆمەڵکوژی کوردانی رۆژئاڤا لە لایەن چەکدارانی سوور گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
گەڕانەوەی تۆم باڕاک بۆ هەولێر، دوای هەوڵە یەک لە دوای یەکەکانی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دێت، کە لە ماوەی ڕابردوو پەیوەندییان بە چەندین سەرکردەی جیهان کردووە بۆ ڕاگرتنی کێشە و شەڕی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا.
پایتەخت میدیا زانیویەتی، سەرۆک بارزانی لە ئیتاڵیا و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤۆس، تەواوی هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ تاوەکو لەسەر ئاستی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان و لە ئاستی باڵای ئایینی کریستیانەکان، کۆ دەنگییەک دروست بکەن بۆ رێگریکردن لە زووڵم و ستەمی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا بەرامبەر بە خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان.