بەپەلە.. دیمەشق و هەسەدە گەیشتنە ڕێککەوتن
پایتەخت میدیا بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی سووری (سانا) ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق ئاشکرا دەکات
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا ڕایگەیاند لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەبارەی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەندیدار بە ئاییندەی پارێزگای حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری سووریای عەرەبی کە ئاژانسی (سانا) بڵاوی کردووەتەوە، ڕێککەوتن لە نێوان دیمەشق و هەسەدە کراوە کە ماوەی چوار ڕۆژ بە هەسەدە بدرێت بۆ ئەنجامدانی ڕاوێژ و داڕشتنی پلانێکی ورد بۆ میکانیزمی کردەیی رۆژئاڤای کوردستان و تێکەڵکردنەوەی هێزەکان.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی سانای سووری، لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی کۆتایی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا ناچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و تەنها لە دەوروبەری ئەو شارانەدا جێگیر دەبن، دواتریش گفتوگۆ لەسەر خشتەی کاتی و وردەکارییەکانی یەکخستنەوەی ئاشتییانەی پارێزگای حەسەکە بە شاری قامیشلۆشەوە دەکرێت.
بەپێی خاڵێکی نێو رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشق، هەردوو لا رێککەوتوون کە هێزە سەربازییەکانی سووریا نەچنە ناو گوندە کوردییەکان و بەپێی ڕێککەوتنەکە، هیچ هێزێکی چەکدار لەو گوندانەدا نابێت، جگە لە هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان کە لە دانیشتووانی ناوچەکە خۆیان پێکدەهێنرێن.
سەبارەت بە نوێنەرایەتی سیاسی و کارگێڕی، سەرۆکایەتی سووریا ئاشکرای کردووە کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، کاندیدێک لەلایەن هێزەکانیانەوە بۆ پۆستی جێگری وەزیری بەرگری و کاندیدێکی دیکەش بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە پێشنیار دەکات، جگە لە دیاریکردنی چەند ناوێک بۆ نوێنەرایەتیکردن لە ئەنجومەنی گەل و پێشکەشکردنی لیستێک بۆ دامەزراندنیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا.
هەر بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر یەکخستنی تەواوی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە لەناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا، لە کاتێکدا گفتوگۆکان لەسەر وردەکارییەکانی میکانیزمی یەکخستنەوەکە بەردەوام دەبن و دامەزراوە مەدەنییەکانیش دەخرێنە ناو پێکهاتەی حکومەتی سووریاوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە کە مەرسوومی ژمارە ١٣ی تایبەت بە مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان و مافی ڕەگەزنامە بۆ کوردەکان جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش وەک ڕەنگدانەوەیەک بۆ پابەندبوونی هاوبەش بۆ بنیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو و بەهێز، لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی و گەرەنتی کردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی وڵات، بڕیارەکەش لە کاتژمێر 8:00ی ئەمشەو دەچێتە بواری جێبەجێکردن.