پایتەخت

هاوشانی مەسرور بارزانی دەیان سەرکردەی جیهان بەشداری کۆڕبەندی داڤۆس دەکەن

هاوشانی مەسرور بارزانی دەیان سەرکردەی جیهان بەشداری کۆڕبەندی داڤۆس دەکەن
کورتە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە ماڵی کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرۆک، بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان، خاوەنکار و ئابووریناسانی جیهاندا ئەنجام دەدات.

وابڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 8:30ی خولەک بە کاتی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس لە سویسڕا بە ئامادەبوونی 3000 سەرکردە و بازرگانی جیهان دەستپێبکات.

بۆ ئەمساڵ کۆربەندی داڤۆس ژمارەی پێوانەیی لە بەشداری سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکی حکومەتەکان تۆمار دەکات، بەپێی زانیارییەکان هاوشانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا، ڤۆلۆدمێر زێلێنسکیی سەرۆکی ئۆکڕاینا، کیێر ستارمێر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، فرێدریچ مێرتزی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاینی سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، عەبدولفەتاح سیسیی سەرۆکی میسر، مارک کارنیی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، عەبدورەحمان ئالسانی سەرۆکوەزیرانی قەتەر، شەهباز شەریفی سەرۆکوزیرانی پاکستان و چەندان سەرۆک و سەرکردەی دیکەی جیهان ئامادەی کۆڕبەندەکە دەبن.

کۆڕبەندی داڤۆس ئەمساڵ لە ژێر ناونیشانی “رۆحی گفتوگۆ” بەڕێوەدەچێت و لەگەڵ سەرکردەکانی جیهانیش، سەتان بازرگان و سەرمایەداری لە تەواوی جیهان بەشداری تێدا دەکەن، لە هەرێمی کوردستانیش چەندین سەرمایەدار یاوەری شاندی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزان دەکەن بۆ ئەوەیە لەسەر ئاستی جیهان، رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی واژۆ بکرێت.

داڤۆس لە کەشوهەوای چوار پلە ژێر سفر، بۆ ماوەی پێنج رۆژ گەرمترین و گەورەترین دیدارەکانی جیهان لە خۆی دەگرێت و چاوەڕوان دەکرێت، لێرەوە ئاڕاستەی ئابووری جیهان دیاری بکرێت.

تەوەرەکانی ئەمساڵی کۆڕبەندی داڤۆس جیاوازترن لە ساڵی ڕابردوو، چونکە ئەمساڵ هەر لە یەکەم پانێڵدا، بە ناونیشانی “چ جۆرە 2050یەکامان دەوێت؟” دەستپێدەکات و دواتر، تەوەرەکانی ژینگە و کەشوهەوای زەوی، تەکنەلۆژیا و مرۆڤ، دروستکردنی سەرچاوەی نوێی گەشەکردن، وەبەرهێنان لە مرۆڤدا، جیۆپۆلێتیک و ئابووری، تەندروستی و رۆشنبیری و کۆمەڵگە و چەندین تەوەر و ناونیشانی دیکە، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

ماڵی کوردستان، هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە دوێنێوە کراوەتەوە و لە ماوەی پێنج رۆژی داهاتوو دا، پێشوازی لە میوانان دەکات و بە دەم خواردنەوەی چایەکی گەرم، سەرکردە و بازرگانەکان گفتوگۆ لەسەر بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆری بازرگانی دەکەن.

19 کانونی دووەم 2026 12:49
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026