پایتەخت

خۆپیشاندەران دژی هێرشەکان لە حەلەب مانیان لە خواردن گرت

خۆپیشاندەران دژی هێرشەکان لە حەلەب مانیان لە خواردن گرت
کورتە

بەشێک لە هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان دژی بێدەنگی وڵاتان لەبەرامبەر گرژییەکانی حەلەب مانیان لە خواردن گرتووە.

لە ئاکامی هێرشە بەردەوامەکانی سووپای سووریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوا، بەشێک لە هاووڵاتییان مانیان گرت.

ئاژانسی هەوار نیوز بڵاویکردەوە، دانیشتووانی حەسەکە لە بەردەم بنکەی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، دژی داعش، سووپای عەرەبی سووریا و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

بەشێک لە خۆپیشاندەران مانیان لە خواردن گرتووە و داوای کۆتاییهێنان بە هێرش و کۆمەڵکوژییەکان دەکەن، داواش لە هێزی نێودەوڵەتی دەکەن دەستوەردان بکات تا بە زووترین کات هاووڵاتییانی سڤیل بپارێزێن.

لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا، بەشداربووان بە توندی ئیدانەی هێرشە بەردەوامەکانیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە، کە جووڵەی جەماوەرییان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هێرشەکان ڕادەگیرێن و هاووڵاتییانی مەدەنی دەپارێزرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەر دوێنێ شەو هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایانگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە سوپای عەرەبی سووریا و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی دێر حافر، مەسکەنە و بەنداوی تشرین و مەترسییەکی گەورە هەیە.

15 کانونی دووەم 2026 09:36
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026