لاهور شێخ جەنگی دادگایی دەکرێت
لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی برای لە سلێمانی دادگایی دەکرێن و پایتەخت میدیا، وەکو یەکەم دەزگا کاتی دادگاییەکە ئاشکرا دەکات
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە ڕووداوەکەی لالەزار و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی لەلایەن هێزکانی کۆماندۆی یەکێتی و دژە تیرۆرەوە، بڕیار وایە سبەی سەرۆکی بەرەی گەل لە سلێمانی دادگایی بکرێت.
بورهان ڕەشید گوڵە، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سبەی دوو شەممە هەر یەک لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی دەبرێنە بەردەم دادوەر و دادگایی دەکرێن، ئەمەش دوای چەندین مانگ لە دەستگیرکردنیان و دەیان هەوڵ بۆ دیاریکردنی رۆژی دادگاییەکەیان.
پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی بۆ پایتەخت ئاشکرا کرد، دادگاییەکە لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی لە دادگەی تاوانی سێی سلێمانی لە لایەن حاکم جەبار ئەحمەد ئەنجام دەدرێت و جیالە سەرۆکی بەرەی گەل، 13 کەسی دیکە دادگایی دەکرێن.
رۆژی 21ی ئابی ساڵی ڕابردوو، بەهۆی ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی یەکێتی هێزێکی زۆری لە کۆماندۆ و دژەتیرۆر، بە تاک و زرێپۆشەوە بردە سەر هوتێل لالەزار و دوای چەندین کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان و کوژرانی چەندین چەکدار، لاهور شێخ جەنگی خۆی بەدەستەوەدا و لە لایەن هێزەکانی یەکێتی دەستگیرکرا.
دادگایی کردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی لە کاتێکدایە، کە پارێزەر و خێزانەکەی چەندین جار داوایان کردووە دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆلادی برای بگوازرێتەوە هەولێر، ئەمەش لە پێناو ئەوەی دادگاییەکی بێلایەنی سەرۆکی بەرەی گەل و براکەی بکرێت، چونکە ئەوان پێیان وایە دادگای سلێمانی لەم کەیسەدا بێلایەن نابێت و سەرۆکی یەکێتی دەستەوەردان دەکات.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەرەی گەل بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سەڕەڕای ئەوەی کاتی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و براکەی دیاریکراوە، بەڵام هێشتان مەترسی هەیە بە فشاری سەرۆکی یەکێتی دادگاییەکە دوابخرێت و سبەی ئەنجام نەدرێت.
دیاریکردنی کاتی دادگاییەکەی لاهور شێخ جەنگی تاوەکو ئێستا بە فەرمی ڕانەگەیاندراوە و تەنها پارێزەر و بنەماڵەکەی ئاگادار کراونەتەوە و پایتەخت میدیا، وەکو یەکەم دەزگا کاتی دادگاییەکەی ئاشکرا دەکات.