پۆستی سەرۆککۆمار لە بارەگای بارزانی یەکلایی دەکرێتەوە
بەبێ ئۆکەی پارتی کەس نابێتە سەرۆککۆماری عێراق
نیوەڕۆ ئەمڕۆ لە بارەگای بارزانی لە پیرمام، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کرد و لە کۆبوونەوەکە باسی چەندین بابەت کراوە، لە نێوانیاندا پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
بەپێی ڕاگەیاندراوی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و فائق زێدان باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئیستحقاقاتی لایەنەکان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق کراوە.
پێش چەند رۆژێک سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار بڵاوکردەوە کە باسی لەوە دەکرد، ئەم پۆستە مافی کوردە نەک لایەنێکی دیاریکراو و هەر لەسەر ئەم بابەتە، لایەنە شیعەکان و بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوڕان کە دەبێت کەسێک ببێتە سەرۆککۆماری عێراق کە نوێنەرایەتی گەلی کورد بکات نەک حزبێکی دیاری کراو.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، باسی ئەم پۆستە وەکو مافی کورد کراوە و فائق زێدان، دڵنیایی داوە کە دەبێت کەسێک دەستنیشان بکرێت کە نوێنەرایەتی گەلی کورد و تەواوی عێراق بکات و پارتی ڕەزامەندی لەسەر بدات.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق نییە و چاوەڕوان دەکات، تاوەکو کاندیدێکی هاوبەش لە نێوان لایەنە کوردییەکان دیاری بکرێت.
لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، ناوی بافڵ تاڵەبانی و چەند کەسایەتییەکی دیکە دەهێنرێن وەکو بەربژێری یەکێتی، بەڵام شیعەکان ڕەتیانکردووەتەوە پشتیوانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، چونکە زمانی عەرەبی نازانێت و بە فەرمی یەکێتیی و بافڵ تاڵەبانییان لەمە ئاگادار کردووەتەوە.
لە دوو رۆژی ڕابردوودا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و لە سەرووی هەموویان، یەکگرتوویی ئیسلامی هەڵەمەتێکی دەستپێکردووە بۆ کاندیدکردنی موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت، هەڵوێست و کۆمەڵ پشتیوانی خۆیان بۆ دووپاتکردووەتەوە.
پۆستی سەرۆککۆمار، بووەتە رۆژەڤی عێراق و کوردستان و لە چەند رۆژی داهاتوودا، ماڕاسۆنی لایەنەکان بۆ گفتوگۆکردن و دیاریکردنی کاندید دەستپێدەکات.