پایتەخت

وەزیری پەروەردە لە رێگەی پایتەختەوە بە هانای منداڵێک دەچێت

وەزیری پەروەردە لە رێگەی پایتەختەوە بە هانای منداڵێک دەچێت
کورتە

پایتەخت دەنگی منداڵێک دەگەیێنێتە وەزیری پەروەردە و خێرخوازان

لە دوای بڵاوکردنەوەی لێدوانی منداڵێک لە پایتەخت میدیا کە باسی سەختی ژیانی تایبەت خۆی و خێزانەکەی دەکات، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتە سەر هێڵ و بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند: "سوپاسی پایتەخت دەکەم و  بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکەین".

 

کەمێک پێش ئێستا د. ئاڵان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە پایتەخت میدیای گوت: “ کەیسی ئەم منداڵە گەیشتووەتە دەستمان و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام، بەدواداچوونی تەواوی بۆ بابەتەکە دەکرێت و تەواوی ڕێکارەکانی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییە بۆ بەر خوێندن دەگیرێتەبەر.”

 

دوێنی 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 ئەم منداڵە لەگەڵ پەیامنێری پایتەخت کەیفی هەرکی دەرکەوت، لە لێدوانەکەیدا باسی لە سەختی ژیانی خۆی و خێزانەکەی بەهۆی کۆچی دوایی باوکی کرد و هەر ئەمەش وایکرد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆر دروست بکات و وەزیری پەروەردە بێتە سەر هێڵ.

 

پایتەخت میدیا بەدواداچوونی بۆ ژیانی ئەو خێزانە کردووە و بۆی دەرکەوتووە، ئەوان لە بارودۆخێکی سەختی ژیاندان، شوێنی ژیانیان زۆر خراپە و بەپێی گوتەی دایکی، رۆژانە تەنها ژەمێک نان دەخۆن.

 

پایتەخت لێرەوە بانگەواز بۆ تەواوی رێکخراوە خێرخوازییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، تاوەکو بێنە سەر هێل لە ڕووی مادییەوە، هاوکاری پێویست بەم منداڵە و خێزانەکەی بگەیەنن.

 

پایتەخت میدیا ئامادەیی و هاوکاری خۆی بۆ تەواوی ئەو کەس و لایەنانە ڕادەگەیەنێت کە دەیانەوێت هاوکاری ماددی ئەم خێزانە بکەن و هەر کەسێک ئارەزووی دەکات هاوکاریان بکات، لە رێگەی واتسئاپی ئەم ژمارەیە (07507087801)، دەتوانێت پەیوەندی بە پایتەخت میدیا بکات.

01 کانونی دووەم 2026 21:46
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026