پایتەخت

مه‌سرور بارزانی پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ ده‌كات
کورتە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیامی خۆی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی بڵاوکردەوە و جه‌ختی له‌ پێكهێنانی حکومەت کردەوە

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا جه‌ختی له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دروستكردنی به‌ربه‌ست و ئاڵنگاری له‌به‌رده‌میدا كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بڵاویكرده‌وه‌، بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2026، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان دەکەم و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و ئارامییان بۆ دەخوازم.

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، ساڵی ڕابردوو، ساڵی چەندین دەستکەوت و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی  بوو، لە هەمانکاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانیش بوو. بە پشتیوانی خودای مەزن و خۆراگریی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، ساڵی ڕابردوو توانیمان چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراجۆرەکاندا، بە تایبەتیش دابینکردنی کارەبای بەردەوام و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و بنیاتنانی ڕێگە و بان و باشترکردنی ژێرخانی دارایی و بانکیی بە ئەنجام بگەیەنین و بەردەوامیشین لە خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌دا جه‌خت له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، هیوادار و خوازیارین لە ماوەیەکی نزیکدا، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، کە بەداخەوە بەمەبەست ڕێگری لە پێکهێنانی کراوە، پێویستە چیتر بەرژەوەندی باڵای کوردستان نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی هیچ لایەنێک. هەروەها ئومێدەوارین کابینەی نوێی فیدراڵیش، لە ئاییندەیەکی نزیکدا لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی هاوبەشیی و هاوسەنگیی و سازان پێکبهێنرێت.

مه‌سرور بارزانی له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌ی دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت: "ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و هەمیشە لە شادی و تەندروستیدا بن"

31 کانونی یەکەم 2025 15:16
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026