به‌ختیار حاجی حه‌مه‌د: به‌هۆی عێراق كۆرمۆر دژه درۆن و ڕۆكێتی به‌ده‌ستنه‌هێنا
نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا داوایه‌ك له میدیاكان ده‌كات، هه‌روها هۆكاری پچڕانی كاره‌بای 24 كاتژمێری ئاشكرا كرد
نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا داوا ده‌كات، ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و میدیاكاران له كاتی گه‌یاندنی هه‌واڵ، شوێنی كه‌وتن و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی درۆن و مووشه‌ك و هێرشه‌كان ئاشكرا نه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی هێرشكاران سوود له زانیارییه‌كان وه‌رنه‌گرن.
ئه‌مڕۆ به‌ختیار حاجی حه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌دواداچوون له نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا له بلاوكراوه‌یه‌كدا باسی له‌وه كرد، ڕاسته له كاتی شه‌ڕدا قه‌یرانی ئاو و كاره‌با دروست ده‌بن به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌تی فیدراڵی ڕێگر نه‌بوایه ئێستا كۆرمۆریش دژه درۆن و ڕۆكێتی ده‌بوو و كاره‌بای 24 كاتژمێری به‌رده‌وام ده‌بوو.
ده‌قی بڵاوكراوه‌كه:
تكایه‌ك له ده‌زگا میدیاییه‌كان و سۆشیال میدیا
شه‌ڕێكی گه‌وره چوار ده‌وره‌مانی گرتوه و پڕیشكی شه‌ڕه‌كه‌ش به‌رمان كه‌وتوه و سروشتی شه‌ڕیش وایه هه‌ر پڕۆشكی ده‌بێت، ئه‌وه‌تا وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ولێر و كوردستان ته‌ل ئه‌ڤیڤ بێت له ڕێگای درۆن و مووشه‌كه‌وه به ئامانج ده‌گیرێت زۆر گرنگه شوێنی كه‌وتن و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌كان ئاشكرا نه‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ی ئه‌و شوێنانه به ئامانج ده‌گرن سوود له‌و زانیاریانه وه‌رنه‌گرن.
سوپاس بۆ خوا كه تا ئێستا هیچ هێرشێك زیانی گیانی نه‌بووه وپێویسته ستایشی سیاسه‌تی هاوسه‌نگ و عه‌قلانی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وله‌كانی هاوپه‌یمانان بكه‌ین بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێرشه‌كان وبۆ ئه‌و ئاماده‌كاریانه‌ی كراون بۆ خۆپارێزی، ڕاسته له كاتی شه‌ڕدا قه‌یرانی ئاو و كاره‌با دروست ده‌بن به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌تی فیدراڵی ڕێگر نه‌بوایه ئێستا كۆرمۆریش دژه درۆن و ڕۆكێتی ده‌بوو و كاره‌بای 24 كاتژمێری به‌رده‌وام ده‌بوو.
كوردستان ڕۆژی له‌وه سه‌ختتری تێپه‌ڕاندوه و داواكارین له خوای گه‌وره كوردستان بپارێزێت و كۆتاییه‌كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان و عێراق و هه‌موو ناوچه‌كه و مرۆڤایه‌تی بێت.
به‌ختیار حاجی حه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌دواداچوون له نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا