پایتەخت

"كاره‌ساتی مرۆیی و ئیداریی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ڕووده‌دات"

"كاره‌ساتی مرۆیی و ئیداریی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ڕووده‌دات"
کورتە

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕاپۆرتێكی وردی پڕ ئاماری له‌سه‌ر ته‌عریبكردنی كورد بڵاوكرده‌وه‌

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاپۆرتێکی گشتگیر و دۆکیومێنتاریی لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور بۆ ساڵانی 2005 تا 2025 بڵاو کردەوە.

 

ئه‌مڕۆ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر تەنیا گۆڕانکاریی سەربازی نەبوون، بەڵکو کارەساتێکی مرۆیی و ئیدارییان بەدوای خۆیاندا هێناوە، بەتایبەت لە قەزای دووزخورماتوو کە به‌پێی ئاماره‌كان 15 شه‌هید و 115 بریندار له‌ ریزی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی تۆمار مراون. هه‌روه‌ها 3150 ماڵی هاووڵاتییانی كورد تاڵانكراوه‌. 53 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوونه‌ و 530 خانوو و دوكان له‌گه‌ڵ 21 كارگه‌ و قوتابخانه‌ی‌ هاووڵاتییانی كورد سووتێندراون و ته‌قێندراونه‌ته‌وه‌.

 

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری هاتووه‌، ته‌عریبی ئیداری چووه‌ته‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار. 10 پۆستی بالای ئیداری له‌ كه‌ركووك و 10 پۆستی دیكه‌ له‌ شه‌نگال كه‌ پشكی كورد بوونه‌ داگیركراون و دراونه‌ته‌ پێكهاته‌كانی تر.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، له‌ پرسی زه‌وی و زار گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی بەعس زیندووكراونه‌ته‌وه‌ و عەرەبی هاوردە هێندراوه‌ته‌ سەر زەویی جووتیارانی کورد لە کەرکووک، داقووق و سەرگەڕان. هه‌روه‌ها فۆرمی خۆراک و ناسنامەی هەزاران خێزانی عەرەب گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو كه‌ركووك.

 

ڕاپۆرته‌كه‌ی حكومه‌ت ئاشكرای كردووه‌، بڕیار بوو بودجەیەکی بەرچاو بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان تەرخان بکرێت، بەڵام لە ساڵانی 2014، 2015 و 2018 تا 2021، حکومەتی عێراق "سفر" دیناری بۆ ئەم ماددەیە تەرخان کردووە. کۆی ئەو پارەیەی لە ماوەی 20 ساڵدا خەرج کراوە (2.08 تریلیۆن دینار)، بەراورد بە قەبارەی زیانەکان و ژمارەی ئەو 118 هەزار دۆسیەیەی چاوەڕێی یەکلاییکردنەوە دەکەن، زۆر کەمە.

 

له‌ كۆتایی ڕاپۆرته‌كه‌ نووسراوه‌، 'ئەم ڕاپۆرتەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەیسەلمێنێت کە ماددەی ١٤٠ تەنیا دەقێکی دەستووری نییە، بەڵکوو کێشەی نیشتەجێبوون، مێژوو و ناسنامەی نەتەوەییە.'

23 شوبات 2026 16:43
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026