پەیامی ترەمپ گەیشتە سوودانی
سوودانی و تۆم باراک لەسەر چەند پرسێک کۆبوونەوە
پەیامی دۆناڵد ترەمپ لەسەر دۆخی ناوچەکە گەیشتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووسینگەی سەرۆکوەزیران زانیاری ورد دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ هەینی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا کرد.
کەمێک لەمەوبەر نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە، لە دیدارەکە تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان و بارودۆخی گشتی و پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگی دوورخستنەوەی عێراق لە کاردانەوەکانیان کرا.
لە دیدارەکە تۆم باراک دیدگای سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و تێڕوانینی خۆی بۆ دۆخی ئێستای ناوچەکە و ڕۆڵی سەرەکی عێراق لە بنیاتنانی سەقامگیری و بەرەوپێشبردنی گەشەپێدانی ناوچەیی گواستەوە بۆ سوودانی خستەڕوو.
نووسینەگی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد، پێداچوونەوە بە دیدگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە کرا و جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پەنابردن بۆ وتوێژ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندن.