پایتەخت

دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا: ئێران تا 10 ساڵی دیکە ناتوانێت مووشەکی کیشوەربڕ بەرهەم بهێنێت

دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا: ئێران تا 10 ساڵی دیکە ناتوانێت مووشەکی کیشوەربڕ بەرهەم بهێنێت
کورتە

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری لە توانای ئێران بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی کیشوەربڕ دەدات، بەڵام ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا قسەکانی بەدرۆ دەخەنەوە.

لە وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپ لەسەر توانا مووشەکییەکانی ئێران، چەند سەرچاوەیەک لە ڕێگەی پشت بەستن بە ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا (DIA)، دەڵێن: "ئێران بە یارمەتی چین و کۆریای باکووریش جارێ ناتوانێت ئەم جۆرە مووشەکانە بەرهەم بهێنێت."

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا (DIA)، ڕایگەیاندووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە خەملاندنەکانی پار ساڵدا نەکراوە، کە ئێران تا ساڵی 2035 ناتوانێت "ئۆپەراسیۆنی مووشەکی کیشوەربڕ بەناوی مینتمای سێ ICBM"، بەرهەم بهێنێت. سەرچاوەیەکی دیکەش جەخت دەکاتەوە، بۆ ئەم جۆرە مووشەکە، ئێران سەرەڕای وەرگرتنی یارمەتی لە چین و کۆریای باکوور، هێشتا 8 ساڵی پێویستە تا بتوانێت بەرهەمی بهێنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم گوتاری فەرمی "دۆخی وڵات" (State of the Union)ـی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا لەبەردەم کۆنگرێسدا پێشکەش کرد و ئاماژەی بە تواناکانی ئێران دا. ترەمپ ئەو وڵاتەی بە "تەماحی ئەتۆمیی شەڕانگێزانە" تۆمەتبار کرد، جەختشی کردەوە، کە بەم زووانە ئێران دەتوانێت مووشەی هێندە بەهێز بەرهەمبهێنێت، بگاتە ئەمریکاش.

دوێنێ پێنجشەممە 26-2-2026، گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوەچوو و بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، دانوستاندنەکان بە پێشکەوتنێکی بەرچاو کۆتاییان هاتووە. بوسەعیدی ئاشکرای کرد، بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە، بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان لەسەر ئاستی تەکنیکی لە شاری ڤییەنا بەردەوام بن.

سەرەڕای دەنگۆ ئەرێنییەکانی دانوستاندنەکان، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ (WSJ) ئاشکرای کردووە، شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، مەرجی زۆر توندیان خستووەتە بەردەم عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. بەپێی رۆژنامەکە، واشنتن داوا دەکات ئێران هەرسێ بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکەی هەڵوەشێنێتەوە و هەموو پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی رادەستی ئەمریکا بکات.

27 شوبات 2026 11:03
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026