یەکێتی بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریکردن لە حکومەت دا
بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە کراوە و بڕیار دراوە
ئەمڕۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سلێمانی، کۆبوونەوەی مەکتەبیی سیاسیی خۆی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی ئەنجامدا و لە بارەی بەشداری کردن لە حکومەتی هەرێم و عێراق بڕیار دراوە.
کەمێک پێش ئێستا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و تێیدا هاتووە، “یەکێتی جارێکی تر تەئکید لەسەر پێویسفی پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار دەکاتەوە.”
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبیی سیاسیی یەکێتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جارێکی تر تەئیكد لەسەر پێویستی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار و پەرۆش بۆ بەرژوەندییەكانی گەلەکەمان دەكاتەوە.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئەمڕۆ سێشەممە 23/12/2025 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدەباشان، كۆبووەوە، بە وردی پرسەكانی پێكهێنانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانی تاوتوێكرد.
كۆبوونەوەكە، پەیوەست بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم، سووربوونی یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی نیشاندا؛ لەسەر ئەوبنەمایەش، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە.
هەروەك، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵیش، لەکۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیدا، تەئکید کرایەوە لەوەی یەكێتی مەبەستییەتی لەبەغدادیش حكومەتێكی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێكبهێنرێت.کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراوبێت و گوزارشت بکات لە خواستی هەموو پێکهاتەکانی وڵات، ئەمەش لەسۆنگەی تێڕوانیی دروستیی یەکێتییەوەیە، کە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە. بۆ ئەو مەبەستەش، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بەردەوامدەبێت، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
23/12/2025