پایتەخت

پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق تا چه‌ند مانگێكی دیكه‌ دواده‌كه‌وێت

پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق تا چه‌ند مانگێكی دیكه‌ دواده‌كه‌وێت
کورتە

پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق تا کەی دواده‌كه‌وێت؟

 

سه‌ره‌رای گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی عێراق پێكنه‌هێندراوه‌ و جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقیش پێشبینی ده‌كات، تا چه‌ند مانگێكی دیكه‌ دوابكه‌وێت.

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ د. به‌شیر حه‌داد، جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق تا چه‌ند مانگێكی دیكه‌ وه‌ك كۆی پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته‌ دواده‌كه‌وێت و له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا پێكناهێندرێت.

 

جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ورده‌كاریی زیاتری هۆكاری دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق ئاشكرا ده‌كات و باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی كۆتایی مانگیش ئه‌نجام بدرێت و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق دیاری بكرێت، هێشتا پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌ عێراق دواده‌كه‌وێت، چونكه‌ هێشتا ڕێکكه‌وتن نه‌كراوه‌ بۆ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكوه‌زیران.

 

ناوبراو له‌ كۆتاییدا داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ به‌ یه‌ك گوتاری سیاسی له‌پێناو به‌هێزبوونی پێگه‌ و مه‌له‌فی كورد بچنه‌ به‌غدا و به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌توانن دژی فشاره‌كانی حكومه‌تی عێراق كاری سیاسی خۆیان بكه‌ن.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌ 11ی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو و ڕۆژێك دواتر ئه‌نجامی به‌رایی ڕاگه‌یه‌ندرا و دواتریش ئه‌نجامه‌كه‌ی په‌سه‌ند كرا، به‌لام تائێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق كۆك نین له‌سه‌ر داهاتووی وڵاته‌كه‌ و نه‌یاننتوانیوه‌ ڕێككه‌وتن بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان ئه‌نجام بده‌ن.

21 کانونی یەکەم 2025 19:20
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026