پایتەخت

شه‌پۆلێكی به‌هێزی به‌فر و باران كوردستان ده‌گرێته‌وه‌

شه‌پۆلێكی به‌هێزی به‌فر و باران كوردستان ده‌گرێته‌وه‌
کورتە

لە کۆتایی مانگی 12 دووبارە کەشوهەوای ناسەقامگیر دەگەڕێتەوە و شه‌پۆلێكی باشی به‌فر و باران هه‌رێمی كوردستان دەگرێتەوە

شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی واده‌ی گه‌یشتنی شه‌پۆلێكی یه‌كجار به‌هێزی به‌فر و باران بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق ڕاده‌گه‌یه‌نێت و كه‌شناسیش پێشبیینه‌كانی خۆی بۆ 48 كاتژمێری داهاتوو بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ هه‌ڤاڵ سه‌دیق گه‌ڵۆزی، شاره‌زای كه‌شناسی بڵاویكرده‌وه‌، به‌پێی نوێترین گۆڕانکارییە سەرەتاییەکانی کەشوهەوا لە کۆتایی مانگی 12 دووبارە کەشوهەوای ناسەقامگیر دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەمان و شه‌پۆلێكی باشی به‌فر و باران هه‌رێمی كوردستان له‌نێوان 26ی 12ی 2025 تا 31ی 12ی 2025 ده‌گرێته‌وه‌.

ئه‌و شاره‌زای كه‌شناسییه‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته ‌ڕوو، لە ئەنجامی هاتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆ شەپۆلێکی بەفر و باران بارینی باش تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە، كه‌ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت پلەکانی گەرما دووبارە بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و بەفربارین بەچڕی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم دەگرێتەوە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دوێنێ شاڵاو هیدایه‌ت، شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند، ئه‌م وشكه‌سه‌رمایه‌ی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه‌، تا کۆتاییەکانی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و لە هەندێک شوێن پلەکانی گەرما بۆ سفر و خوار سفری سیلیزی دادەبەزێت و لەکۆتاییەکانی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو کەشێکی تەڕو باراناویی و زۆرباش دەگەڕێتەوە سەرتاسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

جێی باسه‌ كه‌شناسی هه‌رێمی كوردستان كه‌شی پێشبینیكراوی بۆ 48 كاتژمێری داهاتوو بڵاوكرده‌وه‌ و نووسیویه‌تی، ئه‌مڕۆ کەشی ئاسمانی هەرێم بە گشتی لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لە هەندێك ناوچەش دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و سبه‌ی هه‌ینیش كه‌شی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پله‌كانی گه‌رماش به‌راورد به‌ ئه‌مڕۆ به‌رزتر ده‌بنه‌وه‌.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی
دهۆک : 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ  : 17  پلەی سیلیزی
کەرکوک : 17 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی
سۆران : 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان  : 18 پلەی سیلیزی

18 کانونی یەکەم 2025 11:10
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026