ساڵانە 11 ملیار دۆلار لە چاندنەوەی قژدا خەرج دەکرێت
تەنها لە ساڵی رابردو 4.3 ملیۆن نەشتەرگەریی چاندنەوەی قژ لە جیهاندا ئەنجامدراوە
بەپێی ژمارەیەک ئاماری فەرمی رێکخراو و سەندیکاکانی پزیشکانی جوانکاریی، ساڵانە 11 ملیار دۆلار لە چاندنەوەی قژدا خەرج دەکرێت و پێشبینی دەکرێت لە 10ساڵی داهاتوودا بگاتە 49 ملیار دۆلار.
ساڵی رابردو 4.3 ملیۆن نەشتەرگەریی چاندنەوەی قژ لە جیهاندا ئەنجامدراوە، بە تەنها لە تورکیا 1.5 ملیۆن نەشتەرگەریی چاندنەوە ئەنجامدراوە، ئەوەش نیشانەی پێشکەوتن و پەرەسەندنی زیاتری ئەو نەشتەرگەریەیە لە جیهاندا. بەپێی ئامارەکان 87%ـی نەشتەرگەرییەکان بۆ پیاوان و 13% بۆ ژنان ئەنجام دەدرێت، 43%ـی ئەو کەسانە زیاتر لە جارێک نەشتەرگەرییەکەیان ئەنجامداوە لە پێناوی بەدەستهێنانی پڕی وچڕیی زیاتر لە قژیاندا بووە.
سەرەڕای ئەوەی زۆرترین پیاوان پەنا بۆ ئەو نەشتەرگەرییە دەبەن، لە دوو ساڵی رابردوودا خواستی ژنانیش لەسەری زیادی کردووە، هەردوو رەگەز ئامانجیان ئەوەیە گرنگی زیاتر بە رووخسار و پرچیان بدەن.