هەوراز گوڵپی نایەتە خوارەوە!
هەوراز گوڵپی چۆن بووەتە یەکپارچە سەرسامی بۆ یار و نەیار؟
هەوراز گوڵپی نایەتە خوارەوە!
نووسینی: سەردەشت حەمەساڵح، نووسەر و رەخنەگر
لە دیمەنە جەنجاڵ و لێڵبوە زۆرو بۆرەکانی مێدیاو گوتاری گشتیدا، کە رۆژانە دەنگەکان بەرز دەبنەوەو کاڵ دەبنەوە، یان لە هزردا هەڵناگیرێن، بێژەرێک نەک هەر توانیویەتی جیاواز بێت، بەڵکو زاڵ بوە بەسەر دیمەنەکەدا.
هەوراز گوڵپی، ئەو دەنگەی بێ دەنگی دروست دەکات و گوێگر زۆر دەکات، یەکپارچە بۆتە سەرسامی بۆ یارو نەیار. بۆیە هەندێک بۆ لێدانی دەیانەوێ بەرگە پیشەییەکەی بدڕن و رۆبی سیاسەتی بە شاندا بدەن، بەڵام دواجار ئەو براوە دەبێت، چونکە ئەو ئەدای کارەکەی دەکات، بەرپرس نییە لە سیاسەت و گوتاری کەناڵەکە دروست بێ یان نادروست، ئەو تەنها پەیامگەیەنە. ئەو بەهێزە، شانۆیی نییە. لە بێژەرییەوە بۆتە کەسایەتییەکی گشتی.
پیاوێک لە ناوەڕاستی زریانەکاندایە، کە ئەو دروستی نەکردوە. خەڵکانێک بە مەبەست و بە ئاراستەی حزب، کەسانێکیش ئیرەیی و هەندێکیش بە تێنەگەیشتویی، رق و تۆمەت بەسەر (هەوراز گوڵپی)دا دەڕژن. لەکاتێکدا ئەو بێژەرەو بەرپرس نییە لە سیاسەتی دامەزراوەو کەناڵەکە.
کەسانێک لە شوێنێک شکاون و لە شوێنێکی تر تۆڵە دەکەنەوە. دەیانەوێ برینەکانی خۆیان بشارنەوە، لە بری ئەوەی ساڕێژیان بکەن، لە ماڵی شوشەییەوە بەرد دەهاون. کوردیش دەڵێ "دەمی بە شیر سوتاوەو فو لە دۆ دەکات".
لەسەر کەناڵەکە (ئاڤا) رەخنە بگرە، مشتومڕ بکە، هەڵەکانی بخەرەڕو، هەموو ئەمانە تەندروستن، بەڵام رقڕشتن بەرامبەر بە بێژەرێک، نالۆژیکی و نەزانییە. هەوراز گوڵپی وەک بێژەرێک، کەسێکی سەرکەوتوە، ستایلێکی تایبەتی دروست کردوەو کاریگەرە، یارو نەیار چاویان خستۆتەسەر. ئەو دەنگێکی خۆشی هەیە، روخسارێکی جوان و رەسەنی هەیە، ئەدایەکی بەرزی لە کارەکەیدا هەیە، بۆ کارەکەی تواناکەشی پێرفێکتە. گەر رەخنەت لەمانەی هەیە، نۆرماڵەو خۆشی پێی خۆشە، چونکە هەوراز دەڵێ "من بە رەخنە پێشدەکەوم". لەمە بترازێ، رق و ئیرەیی و نەزانییە.
بەڵێ رقە، چونکە ئاراستەی نەیاری کەناڵەکە بەوی دەڕژن.
بەڵێ ئیرەییە، چونکە هەندێک هەن بەو ناگەن.
بەڵێ نەزانییە، کاتێک پێتوایە سیاسەتی دامەزراوەکە ئەو دایڕشتوە.
هەمیشە لە کۆمەڵگەی داخراو و کۆمەڵگەی شێواودا، هێرشی ناڕەوا زۆرن، ئاخر بەرد فڕێدان ئاسانترە، لە بونیادنان. پێمان خۆش بێت یان نا، هەوراز درەوشاوەی ئەم سەردەمەیە. ئەو وایکردوە کە هەمووان کاتژمێر حەوت بینەر بن و گوێ بگرن. پێویستە پیشەیی بون لە پڕوپاگەندە جیا بکەینەوە. ئەبێ ئەو راستییەش بڵێین، کە (ئاڤا مێدیا) کەناڵێکی کاریگەرە، جیا لەوەی بە دڵمانە یان نا، توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا زۆر گەورەو کاریگەر بێت. خۆ هەوراز لە کەناڵێکی تریش بوایە، ئەوا هەمان ئەو نەیارانەی ئێستای بە جۆرێکی تر هەر دەبوو. بەڵام بیریشمان نەچێ، کە هەوراز ئێستا یارو خۆشەویستی زۆر زیاترە لەوانەی کە دژایەتی دەکەن، لە هەرسێ پێوەری رق و ئیرەیی و نەزانییەکەدا.
لەم کۆمەڵگایەدا زۆرێک لە خەڵک رەخنە لە هێڵە گشتییەکان ناگرن، یان نایانەوێت یان خۆیان لادەدەن، بەڵکو لەگەڵ تاکدا یەکلایی دەکەنەوە، کە ئەمەش ناهۆشیاری دەردەخات. بەداخەوە فۆرمەلەی کۆمەڵگەکە وا رۆیشتوە کە چەقۆ لە روخسار بدرێ، نەک نەشتەرگەری لە سیاسەت و پێکهاتە شاراوەکانی پشت پەردەو بەڕێوەبردندا بکرێت. کە ئەمە زیاتر خزمەتی نادادپەروەری دەکات و زیاتر زیان بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت و برەو بە شێواوی دەدات.
ئامێرو دەزگاکە هی ئەو کەسانەیە کە پارەی بۆ دابین دەکەن. هێڵی سیاسی هی ئەوانەیە کە دەیکێشن. بڕیارەکانی سەرنوسەر هی ئەوانەن کە ئاراستەکە بەڕێوەدەبەن. بەڵام بێژەرەکە هی بینەرە، ئەو راستەوخۆ بەر بینەر دەکەوێت و دەچێتە هەموو ماڵێک و هەموو ئەو شوێنانەی تیڤییەکە دەبینن. بۆیە لێرەدا ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر بێژەرەکە، خۆیان بچوک دەبنەوە، هەم لە بێژەرەکە بچوکتر دەبن و هەمیش لە ئاست تێگەیشتن لە رەخنەو لە سروشتی رۆژنامەگەری. لێرە دەبێ تێبگەن و جیاوازی بکەن لە نێوان تاک و دامەزراوەدا. هەر ئەمەیە کە سەنگەرگرتن لە هەوراز هەڵەیە. وایکردوە کە گوڵپی زیاتر بدرەوشێتەوە. گەرچی لە کەناڵەکە دەوترێت "هەوراز دێتە خوارەوە"، بەڵام بەهۆی نالۆژیکی و هێرشی ناڕەواوە، بەهۆی بەهێزییەکەیی و کاریگەرییەکەیەوە، هەوراز چۆتە سەرەوە.
ئێستا هەوراز بۆتە بڕیار، ئەوەی دەیڵێت بڕیارە، بۆتە ترێندو دەڵێن هەوراز وتی. بەهۆی کاریگەریی و پڕبینەرییەوە، بۆ بەدواداچون لەسەر هەواڵ و داواکارییەکان، هەوراز قسەی کۆتایی دەکات. ئەمەشە سەعات حەوتی ئاڤا، چاوەڕوانکراوترین کاتە بۆ بینەران.
دەنگ و ریتم و ئەداو سەدای هەوراز گوڵپی لە ستۆدیۆو کەناڵێک زیاتر تێپەڕیوە. تەنانەت ئەوانەش کە حەزیان بە کەناڵەکە نییە، بون بە بینەری. واتە هەوراز ئەو بێژەرەیە کە دۆست و دوژمن بینەرو بیسەری دەبن.
هەندێک لە بێژەرەکان هاوار دەکەن، هەندێک نمایش دەکەن، لێ هەوراز پەیوەندی گرت و بوە پاشای شاشە، فیگەرێکی لەبیر نەکراو دەبێت و لە کارەکەیدا گەشاوەو درەوشاوەیە، وەک ئەوەی بۆ خۆی دورا بێت، پڕیەتی. ئەو بۆتە دیاردە، ئێستا ئایکۆنێکی تایبەتە لە بوارەکەدا، ستایلی گێڕانەوەی هەواڵی گۆڕی، هەرئەوەش نا، بەڵکو هەوراز بۆتە مینبەرێک کە هەمووان حەزدەکەن لە رێی ئەوەوە دەنگیان بگات، بۆتە چارەسەرساز بۆ زۆرێک.
هەواڵ لەم ناوچەیە ئێجگار زۆرە، تەنانەت سیاسەت بۆتە سەنگەری شەڕ، زۆرینە خەریکی شێواندنی راستییەکانن، لەناو ئەم جەنگەڵی هەواڵ و ناتەبایی و ونبونی راستیانەدا، هەوراز لێڵییەکان رون دەکاتەوە. هەرچەندە رکابەرو نەیارەکان بە پێچەوانەوە ئەوە دەبینن و دەڵێن ئەو شێوێنەرە. بەڵام لەنێوان ئەم دوو دیدەدا، ئەو زۆرینەی راکێشاوە، توانیویەتی لەسەرەوە بێت.