پەخشی کەناڵەکانی بین سپۆرت لە هەرێم رادەگیرێت
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، گواستنەوەی پەخشی کەناڵەکانی بین سپۆرتی لە کەناڵە ناوخۆییەکان قەدەغە کرد
بەمەبەستی راگرتنی پەخشی هەندێک کەناڵی بێ مۆڵەت وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم بڕیارێکی دەرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند، لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندن لە رێکەوتی 17-11-2025 بە نووسراوی فەرمی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت ئاگادار دەکاتەوە, بە راگرتنی پەخشی کەناڵەکانی (بین سپۆرت BEIN SPORTS ) کە لە رێگەی پەخشی ئۆنڵاین لە هەندێک کەناڵی ناوخۆییەکان بە نایاسایی بەشێوازی ( IPTV ) پەخش دەکرێن.
بە گوێرەی ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم، هەر کەناڵێک بیەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی (بین سپۆرت BEIN SPORTS ) بکات پێویستە لەرێگای بریکاری فەرمی ئەو دەزگایە بێت، لە بەر پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری و یاسایی بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەمەش بۆ رێگرتن لەو سەرپێچییە نایاساییە و پارێزگاری کردن لە مافی پەخش و بڵاوکردنەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رێگری دەکات، وە پێویستە لەماوەی یەک مانگدا کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت رایانبگرن.