پایتەخت

مەسرور بارزانی پاڵپشتیی یانەی هەولێر دەکات

مەسرور بارزانی پاڵپشتیی یانەی هەولێر دەکات
کورتە

بەمەبەستی بەدواداچوون لە داواکارییەکانی یاریزانان و ئاگاداربوون لە دۆخی یانەی هەولێر، مەسرور بارزانی لەگەڵ د. سەفین یاسین کۆدەبێتەوە

سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی و پاڵپشتیی یانەی هەولێر دەکات.

یانەی هەولێر بە یەکێک لە یانە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دێتە ئەژمار و ماوەیەکی بەرچاوە د. سەفین یاسین سەرپەرشتیی ئەم یانە کوردستانییە دەکات، هەوڵ و کۆششی تەواوی بۆ بەهێزتربوون و سەرکەوتنی یانەکە داوە و بڕیارە سەرۆکوەزیرانی هەرێمیش پشتیوانیی یانەکە بکات.

بڕیارە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە چەند مەبەستێک سەردانی ئیدارەی نوێی یانەی هەولێر بکات و لەگەڵ د. سەفین یاسین سەرۆکی یانەکە کۆببێتەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا، بڕیارە پیرۆزبایی لە دەستبەکاربوونی د. سەفین یاسین وەکو سەرۆک و ئیدارەی نوێی یانەکە بکات، دواتریش گفتوگۆ لەسەر یارمەتییە ماددی و مەعنەوییەکانی یانەی هەولێر بکات.

سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ یانەی هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی یانەکە تەنیا بۆ پیرۆزبایی لە ئیدارەی نوێ نییە، بەڵکو مەبەستێکی دیکەی سەردانەکەی بۆ گوێگرتن و بەدواداچوون لە داواکارییەکانی یاریزانان و ئاگاداربوون لە دۆخی یانەکە دەبێت.

هەر لە سەردانەکەدا، بڕیارە سەرۆکی یانەی هەولێر پڕۆژەیەک پێشکەشی سەرۆکوەزیران بکات، مەبەست لەو پڕۆژەیەش بەهێزترکردنی ژێرخانی وەرزشیی یانەی هەولێرە، ئەمەش بە مەبەستی سەربەخۆبوونی یانەی هەولێر لەڕووی ئابوورییەوە، زیاتریش بۆ ئەوەی پێویستی بە سەرمایەی دەرەکی و لایەنەکانی دیکە نەبێت.

د. سەفین یاسین ماوەیەکی بەرچاوە خەرجییەکانی یانەی هەولێری لەئەستۆ گرتووە و هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی ئەم یانەیەی هەرێم بتوانێت بە باشترین  شێوە درێژە بە کارەکانی بدات، لە ڕووی ماددی و مەعنەویشەوە سەفین یاسین هەوڵی تەواوی بۆ یاریزانان و هاندەران داوە، تاوەکو هەمووان پێکەوە یانەی هەولێر سەرکەوتووتر بکەن.

چاوەڕوان دەکرێت یانەی هەولێر بە سەرۆکایەتیی د. سەفین یاسین لە ماوەکانی داهاتوودا جیاوازتر لە پێشوو بدرەوشێتەوە و سەرکەوتنی زیاتر مسۆگەر بکات.

23 تشرینی دووەم 2025 13:03
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025