پەکەکە هێزەکانی لە زاپ کشاندەوە
پەکەکە وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و ڕێگەگرتن لە ئەگەری پێکدادان لەگەڵ سەربازانی تورکیا کشانەوەی گەریلاکانی لە ناوچەی زاپ لە قەزای ئامێدی باشووری کوردستان ڕاگەیاند
لە چوارچێوەی پڕۆسەی جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی ، پەکەکە گەریلاکانی لە ناوچەی زاپ کشاندەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی (پەکەکەی پێشوو) ڕایانگەیاند، لە ئێوارەی دوێنێوە گەریلاکانیان لە قەزای ئامێدی باشووری کوردستان لە ناوچەی زاپ کشاونەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی ئەگەری پێکدادان لەگەڵ سوپای تورکیا لە ئارادا نییە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکە بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر جەختی کردەوە، دوابەدوای کشانەوەی ئەو هێزانەی گەریلاکانیان کە لەنێو سنوورەکانی تورکیادا ئەگەری پێکدادانیان دروست دەکرد، ئەم کشانەوە و چاکسازییەی لە ناوچەی زاپ ئەنجامیانداوە، دەبێتە بەشداریکردنێکی کرداریی گرنگ بۆ گەشەکردن و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە لەلایەن رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە پەرەی پێدراوە و جارێکی دیکەش سووربوونیان لەسەر پرۆسەکە دەخاتەڕوو.
پەکەکە لە ڕاگەیێنراوەکەدا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی ئەم هەنگاوە وەک بە دەمەوەهاتنە بۆ داواکارییەکەی ئۆجەلان و پێداگیری ئەوانیشە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی کە نزیکەی ساڵێکە لە تورکیا دەستی پێ کردووە، باوەڕیشیان وایە ئەم هەنگاوە نوێیە، خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و بەدیموکراسیکردنی تورکیا دەکات.
ئەمە لە کاتێکدیایە، پەکەکە لە رێککەوتی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند، گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن.