سوودانی: ئاماده‌ین بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق
ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندرا و سوودانی ئامادەیی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ نیشاندا
له‌دوای ڕاگه‌یاندنی 99.98%ی ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق، سوودانی ئاماده‌یی ته‌واوی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق ڕاگه‌یاند.
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان ڕایگه‌یاند، پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق له قۆناغی داهاتوو كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به زووترین كات حكومه‌تی نوێ پێكبهێنن، ده‌بێت لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق به به‌رپرسیاره‌تییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن و له‌یه‌كتریش نزیك ببنه‌وه، چونكه پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردن كۆتایی هاتووه.
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان باسی له‌وه‌شكرد، ئێمه ده‌رگامان به‌ڕووی ته‌واوی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كراوه‌یه و ئاماده‌ین، عێراق هی هه‌مووانه و ڕێز له بۆچوونی ده‌نگده‌ران و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌گرین.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، دوێنێ شه‌و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدانی تایبه‌ت و گشتی بڵاوكرده‌وه و تیایدا پارتی هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی سوودانی 1 ملیۆن و 317 هه‌زار و 346 ده‌نگی له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌ده‌ست هێناوه و یه‌كه‌می سه‌ر ته‌واوی عێراق بووه.