له رۆژی ده‌نگدانیش دابه‌شكردنی كارتی بایۆمه‌تری به‌رده‌وام ده‌بێت
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق دڵنیای لە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری تا ڕۆژی دەنگدان دا
كۆمسیۆن به‌رده‌وامه له ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڕیوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق و به‌رده‌وامه له پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی كارتی بایۆمه‌تری و ده‌ڵێت: "له رۆژی ده‌نگدانیش دابه‌شكردنی كارتی بایۆمه‌تری به‌رده‌وام ده‌بێت".
له‌وباره‌یه‌وه جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند، ڕۆژانه له 1079 سه‌نته‌ری تۆماركردنی كارتی بایۆمه‌ترییه‌وه تیمه‌كانی كۆمسیۆن كارتی ده‌نگدان به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن و به نیازین له ڕۆژی ده‌نگدانیش كارتی ده‌نگدان دابه‌ش بكه‌ین، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی زۆرترین هاووڵاتی له سه‌رتاسه‌ری عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شداری پرۆسه‌ی ده‌نگدان بكه‌ن.
گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، تائێستا تیمه‌كانی كۆمسیۆن 2 ملیۆن و 500 هه‌زار كارتی بایۆمه‌ترییان به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا دابه‌ش كردووه و ده‌نگده‌ران ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه كه ده‌توانن له‌رێگه‌ی نووسینگه‌ی پارێزگا یاخود سه‌نته‌ری تۆماركردن كارته‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه و هانیان ده‌ده‌ین بۆئه‌وه‌ی بچنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له 5ی 11 قوتابخانه و بنكه‌كانی ده‌نگدان ده‌درێنه كۆمسیۆن و له 13ی 11 لێیانن وه‌رده‌گیرێته‌وه و هه‌ر وێستگه‌یه‌كی ده‌نگدان 2 كامێرای چاودێری و له هه‌ر بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان 3 كامێرا جێگیر ده‌كرێت.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، له ڕۆژی 8ی ئه‌م مانگه‌وه پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌لبژاردن كۆتایی دێت و له 11ی 11 پرۆسه‌ی ده‌نگدان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.