سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەژماری من پەیامێکی گرنگی بڵاوکردەوە

خۆشحاڵم دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەژماری من پەیامێکی گرنگی بڵاوکردەوە دەڵێت: "خۆشحاڵم کە دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەردگرن".
ئەمڕۆ چوارشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، خۆشحاڵم کە دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی، لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە وەردەگرن کە بەشدارن لە پڕۆژەی هەژماری من.
بەگووتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی (هەژماری من)ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023ەوە، تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی کە هەژماری بانکییان لە کوردستان هەیە، لە کەمتر لە 5%ەوە بووە بە زیاتر لە 15%.
جێگەی باسە، پڕۆژەکە بانکەکانی هانداوە بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاکەکەسی و زیادکردنی لق و تۆڕەکانی ئامێری ڕاکێشانی پارە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کڕیاران، پارە دانان لە بانکە بەشداربووەکانیش، بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، کە بەم هۆیەوە، قەرزی تاکەکەسی و بازرگانی دەدرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەژماری من پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاسانتر و خەرجکردنیشی خێراتر کردووە و ڕوونیی و شەفافیەت لە دابینکردنی مووچەی حکومەتیشدا زیاتر بووە.
لە کۆتاییدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2028، خزمەتگوزاریی بانکیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە 50% بەرز دەکاتەوە.