ڕاگهیاندراوێكی بهپهله له ئهنجوومهنی وهزیرانهوه

ناوهڕۆكی كۆبوونهوهی ئهمڕۆی ئهنجوومهنی وهزیران له ڕاگهیاندراوێكدا خرایه ڕوو
كهمێك لهمهوبهر، كۆبوونهوهی ئهنجوومهنی وهزیران كۆتایی هات و لهوبارهیهوه ڕاگهیاندراوێك بڵاوكرایهوه و تیایدا هاتووه، حكومهتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە.
ئهمڕۆ چوارشهممه ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان به سهرپهرشتی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی كۆبووه و بهگوێرهی ڕاگهیاندراوی كۆبوونهوهكه، دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاوتوێکردنی میکانیزم و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پابەندیی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرا.
له ڕاگهیاندراوهكهی ئهنجوومهنی وهزیران هاتووه، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەکنیکیانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە ، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و ڕەوای خۆیانە، مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیداڵەوە بنێردرێت.
دهقی ڕاگهیاندراو:
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدرال دەکات پەلە بکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەم، دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاووتوێکردنی میکانیزم و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پابەندیی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا و لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی پەسەندکرا لەلایەن هەردوو لاوە.
سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەکنیکییانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و ڕەوای خۆیانە مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.
ئینجا ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی دواپێشنیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، پەسەند کرا و ڕەوانەی بەغدا کرا.
بە پێی ئەم لەیەکگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیری لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا، کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات ( جگە لە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناخەش لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانووستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەو بینیوە و وا چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو ڕێککەوتننامەیە گەڵاڵە بکرێت.
تا کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵیش، هەرێمی کوردستان بەشەنەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتیيەکان و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد ، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش لە بەرانبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نانەوتی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر تێڕوانینی دەستووری و یاسایی خۆی لەسەر پۆڵێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی کە پشت بە ماددەکانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بوودجەی فیدڕاڵیی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت کە ئەمانە هەمووی یاسا و بڕیاری فیدڕاڵیین و بە دەقی ڕوون و ئاشکرا، پۆڵینی داهاتە ناوخۆییەکانی کردووە و بەشی هەر یەک لە گەنجینەی فیدڕاڵیی و هەرێمێیشی دەستنیشانکردووە وەک لە دوا یادداشتی حکومەتی هەرێمدا هاتووە و بە فەرمی پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵ کراوە.
دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، وردەکاریی زیاتری گفتوگۆکانی ئەم دواییە و لایەنە تەکنیکی و یاساییەکانیان خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا، جەختی کردەوە کە ئیتر لە بەرامبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات و بۆ لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، تەواوی مووچەکانیان لە کاتی خۆی وەربگرن.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هاوئاهەنگیی تایبەت بە ڕێکارە داراییەکان لە ناویشیاندا بابەتی باجەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرد، ئەویش بە ڕەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەرێم وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر کراوە، لەمبارەیەوە کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میریی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئەم بڕگەیە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی هاوبەشی تایبەت بە ڕێکار و ڕێنماییەکانی باج و ڕێژەکانیان خستەڕوو کە پێشتر لەگەڵ دەستەی گشتی باجەکانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر کردووە.
ئەنجومەنی وەزیران هاوئاهەنگیی و هاریکاریی فەرمانگە و دامەزراوەکانی باجی لە حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بە گرنگ زانی و پشتیوانی لێ دەکات. لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی، مافی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستووریەکانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریکاریی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بدەن.
پاشان ئالان حەمە ساڵح وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لەمبارەیەوە وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە چاپکردنی کتێب و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و قوتابخانەکان و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن کرد و چەند پێشنیارێکیشی خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت لەم بارەیەوە.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای نالەباری بارودۆخی دارایی و ئابووری ئەم چەند ساڵە، بە تایبەتیش کێشەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هەموو پێکهاتە و هێزی مرۆییی وەزارەتەکە، بە پشتیوانیی حکومەت و ڕێکخراوە نيودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و پشتیوانیی کەرتی تایبەت، بەرەوپێشچوونی باشی لە ڕووی ڕاهێنانی مامۆستایان و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی فێرکردن و چاپکردنی کتێبی نوێ وکردنەوەی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەیان و زیادکردنی ژوورەکانی پۆلی خوێندن و ڕێکخستنەوەی میلاکات ئەنجام داوە.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران ، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ڕێز و شکۆوە ، یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە ساڵی 1969 ، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی گوندەکە لە کریستیان ( کلدان) و موسڵمان، کومەڵکوژ کران. داواش لە حکومەتی فیدراڵ کرا کە قوربانیيانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانیانی دیکەی دەستی ڕژێمی عێراق، قەرەبوو بکاتەوە.