پایتەخت

ئاراس شێخ جەنگی وەڵامی میدیای یەکێتی دایەوە

ئاراس شێخ جەنگی وەڵامی میدیای یەکێتی دایەوە
کورتە

ئاراس شێخ جەنگی داوا دەکات ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان بدرێت بچن وێنەی ماڵەکەی بگرن کە کۆماندۆ دەستی بەسەردا گرتووە



دوای ئەوەی  ئاراس شێخ جەنگی، برای لاهور شێخ جەنگی بانگەشەی ئەوەی کرد کە گروپێکی چەکداری کۆماندۆ هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەی و تاڵانی کردووە،  میدیای یەکێتی نکۆڵی لەم هەواڵە کرد.

ئەمڕۆ دوو شەممە، ئاراس شێخ جەنگی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند، لەلایەن گروپێکی چەکداری کۆماندۆوە لە گوندی کەڵکانی سەر بە ناحیەی خەدران - قەزای دووکان، دەست بەسەر ماڵاکەیدا گیرا و کەلوپەلەکانیان دەدزن.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، رۆژنامەی كوردستانی نوێ زمانحاڵی یەكێتیی لە وەڵامی قسەكانی ئاراس شێخ جەنگی ڕایگەیاند، هیچ هێزێکی ئەمنی جوڵەی پێنەکراوە و ئەوەی هەندێ کەناڵی سێبەری پارتی بڵاویدەکەنەوە گوایە ماڵی یەکێک لە داواکراوانی راکردووی یاسا پشکنینی بۆ کرابێت.

بەڵام هەر کاتژمێرێک دواتر ئاراس شێخ جەنگی دووبارە لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند: "وەڵامی درۆ شاخدارەکەی کوردستانی کۆن، ئەگەر ڕاست دەکەن با ئەو چەتانەی لای ماڵەکەن ڕێگا بدەن هەندێک ڕۆژنامەنووس بچن وێنەی ماڵەکە بگرن."

ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی هێزێکی زۆری بە چەکی قورسەوە بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی برای ئاراس شێخ جەنگی، جوڵاند و دواجار لە گەڕەکی سەرچنار و لە هوتێل لالەزار، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی و هێزەکەی لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای زیاتر لە 3 کاتژمێر لە ڕووبەڕوو بوونەوە، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و چەکدارەکانیان خۆیان ڕادەستی هێزەکەی یەکێتی کرد.

25 ئاب 2025 14:46 6
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025