هەزارەها زەوی بەسەر هێزە ئەمنییەکاندا دابەش دەکرێت

ئهنجوومهنی وهزیران بڕیاریدا به دابهشكردنی زهوی بهسهر ههزاران كارمهندی هێزه ئهمنییهكان و پرۆسهی دابهشكردنی زهوی دهچێته قۆناغێكی نوێوه
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی گرنگی بۆ هێزە ئەمنییەکان دەرکردووە کە قۆناغێکی نوێی دەبێت بۆ دابەشکردی هەزارەها پارچە زەوی بەسەریاندا.
ئەمڕۆ یەکشەممە فەرمانگەی میدیای و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغێكی نوێدا، ڕەزامەندیی بۆ پێدانی زیاتر لە 15 هەزار پارچەزەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە داوە.
دەربارەی وردبینی ناوەکان ئەوەشی خستەڕوو، ئێستاش وردبینی بۆ ناوی 20 هەزار لە فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ کراوە.
جێگەی باسە، بڕیارە بەمزووانە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی تەرخانكردنی زەوییان بۆ دەربکات.
فەرمانگەکە دەربارەی ئەو کەسانەی پێشووتر زەوییان وەرگرتووە ڕوونیکردەوە، لە پرۆسەی وردبینیدا، هەر فەرمانبەرێکی سوودمەندبوو لە پرۆسەكەدا، مافی وەرگرتنی زەویی نابێت، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە دادپەروەریی دابەشکردندا.
شایەنی باسە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بەردەوامە، وردبینیی بۆ ناوی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان تەواو کراون.
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا هاتووە، تا ئێستاش نزیكەی 200 هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت و بە تێکڕاش نزیکەی 480 هەزار پارچەزەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.