بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی هەولێر و بەغدا شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

پرسی مووچە یەکلا دەبێتەوە؟ ئەمڕۆ دەوامی فەرمی لە عێراق دەستیپێکردەوە و زانیاریی نوێ لەبارەی مووچە گەیشت
بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی هەولێر و بەغدا، شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.
ئەمڕۆ یەک شەممە، وا بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبووەنەوی نێوان شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کۆ ببێتەوە و پرسە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتێ بکەن، کە بریتین لە داهاتە فیدراڵییەکان و ڕێککەوتن لە سەر باج و ڕسومات.
تاوەکو ئێستا خاڵی ناکۆک لە نێوان هەولێر بەغدا بریتییە لەوەی، بەغدا داوای 50%ـی داهاتی خاڵە سنوورییەکان دەکات و داوای 100%ـی داهاتی ڕسومات دەکات، ئەمەش تاوەکو ئیستا خاڵی ناکۆکی هەردوو لایە.
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر ناردنی 120 داهاتی نانەوتی هەرێم داوە، کە یەکێکە لە مەرجەکانی خەرجکردنی مووچە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچە ناکرێت تا ڕۆژی سێشەممە، ئەوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ڕەشنووسی لێژنە وەزارییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات، کە تا ئەوکاتە دەبێت ڕەشنووسەکە ئامادە بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، نوسراوی خەرجکردنی مووچەی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد و ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکردنی دەوام دەبێت کار لەسەر نوسراوکە بکرێت، تێیدا ئاماژە بە دوو مەرج کراوە، یەکەمیان ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دووەمیشیان، دەسپێکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێی کوردستانە.