گەشتە ئاسمانییەکانی عومرەکاران دەستپێدەکات

زیاتر لە 2000 عومرەکار دەتوانن بە گەشتی ئاسمانی بگەڕێنەوە
دوای ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و گیرخواردنی عومرەکارە کوردەکان لە سعودییە و گەڕانەوەیان لە ڕێگەی وشکانی بە ناچاری، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقییە ڕایگەیاند: گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ جوارشەممە، هێڵی ئاسمانی عێراقییە لە ڕاگەیاندراوێکی تایبەتدا ئەوەی ڕاگەیاند کە گەشتە ئاسمانییەکانی عومرەکاران کە لە ڕێککەوتی 17_ی ئابەوە بەهۆی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن ڕاگیرابوون دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە زیاتر لە 2000 عومرەکاری کورد لە لە سعودییە گیریان خواردبوو و بە ناچاری لە ڕێگەی وشکانی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف و بەسڕە دەستپێدەکات و ڕۆژانە بڕیارە 3 بۆ 5 گەشت بۆ عومرەکاران ڕێکبخرێت.
دوای ڕاوەستانی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن بۆ عومرەکاران، ئەمڕۆ گەشتەکان ئاسایی بوونەوە و عومرەکاران دەتوانن گەشتی ئاسمانی بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنن نەک ڕێگەی وشکانی.