پایتەخت

بۆ گیانی شەهیدانی ژینگە ماتەمینی گشتی راگەیەندرا

بۆ گیانی شەهیدانی ژینگە ماتەمینی گشتی راگەیەندرا
کورتە

له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ماته‌مینی گشتی به‌هۆی ئاگره‌ گه‌وره‌كه‌ و سووتانی دوو كه‌س ڕاگه‌یه‌ندرا

شاری هەڵەبجە دوو شەهیدی ژینەگەی پیشکەشی خاکەکەی کرد و پارێزگاری هەڵەبجەش ماتەمینی سەرتاسەری ڕادەگەیەنێت.

 

ئەمڕۆ دووشەممە نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی پارێزگاکە ڕایگەیاند، بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەیەكی زۆرەوە، پارێزگاکەمان ڕووبەڕووی کارەساتێکی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە بوویەوە لە ناوچەکانی چنار و مۆردین و نەیجەڵە، کە بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو ڕۆڵەی دڵسۆزی پارێزگاکەمان.

 

باسی لەوەشکرد، ئەم دوو هاووڵاتییە خۆشەویستە، کە لەپێناو پاراستنی ژینگە و خاکدا گیانیان بەخشی، ئێمە وەک شەهیدی ژینگەی هەڵەبجە و کوردستان ناویان دەبەین.

 

دەربارەی ڕاگەیاندنی ماتەمینی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکیان و هاوبەشیکردنی خەمی بنەماڵە بەڕێزەکانیان، پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریدا بە ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ.

 

بۆ داگرتنی ئاڵای کوردستان جەختی لەوەکردەوە، لە درێژەی بۆ ئەو مەبەستەش، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت.

 

ناوبراو دووپاتیکردەوە، سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چالاکییەکی شادی ئامێز ڕادەگیرێت وەک ڕێزێک بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدەكانمان.

 

نوخشە ناسح  داوایەک ئاڕاستەی هاووڵاتییان دەکات، لەم وەرزە گەرمەدا تا ئەوپەڕی ئاگاداری ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن لە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە، بۆ ئەوەی گیان و سامانی گشتی و تایبەت پارێزراو بن.

18 ئاب 2025 21:05 14
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025