ئێرن هێلیڤا: لە بەرامبەر کوژرانی هەر ئیسرائیلییەک پێوستە 50 فەڵەستینی بکوژرێت

دوای ساڵێک ریکۆردێکی دەنگی فەرماندەیەکی ئیسرائیل بڵاودەبێتەوە کە داوای کوشتنی بە کۆمەڵی فەڵەستینییەکان دەکات
ریکۆردێکی دەنگی فەرماندەیەکەی خانەنشینبووی ئیسرائیل هەرای لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ناوەتەوە و تێیدا باسی کوشتنی بە کۆمەڵی فەڵەستینییەکان دەکات.
کەناڵی ئیسرائیل 12 ریکۆردێکی دەنگی ئێرن هێلیڤا، فەرماندەی پێشووی یەکەی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە دەڵێت: "لە بەرامبەر کوژرانی هەر ئیسرائیلییەک لە هێرشەکەی 7ـی مانگی 10ـی 2023، دەبێت 50 فەڵەستینی بکوژرێت، گرینگیش نییە ئەگەر منداڵیش بن."
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو کاتەی کە ژمارەی کوژراوانی غەززە گەیشتبووە 50 هەزار کەس، ئەم فەرماندەیە دەڵێت: " ئەم ڕێژە زۆرەی کوشتن پێویستە وەک ئاگادارییەک بۆ نەوەکانی داهاتووی فەڵەستیبن، ئەوان پێویستیان بە "نێبکە"ـیەکە بۆ ئەوەی هەست بەو باجە بکەن کە دەیدەن"، (نێبکە) مەبەستی لە ڕووداوی دەربەدەرکردنی بە کۆمەڵی فەڵەستینییەکان بوو لە ساڵی 1948.
لە بەرامبەر ئەو قسانەی ئێرن هێلیڤا، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، کوشتنی فەڵەستینییەکان بێ جیاوازی ئەوەی ئافرت یان منداڵ بن، میتۆدێکی تاوانی سیستەماتیکییە.
هاوکات شەش ڕۆژ لەمەوبەر، مۆشێ سادە، یاسا دانەرێکە لە حیزبی لیکودی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆییدا ڕایگەیاند، "ئەو هاوکارییە مرۆییانەی وڵاتانی دەرەوە بۆ کەرتی غەززەی دەنێرن، چەک و تەقەمەنی تێدایە"، بۆیە داوای ڕاگرتنی ناردنی هاووکارییە مرۆییەکانی بۆ غەززە دەکرد.
ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تا ئێستا نزیکەی 61 هەزار و 900 فەلەستینی لە غەززە کوشتووە، لە ئێستاشدا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پیلانی داگیرکردنی تەواوی کەرتەکە، دەست بە ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی کراوە.