ئەحمەد شەرع: دابەشبوونی سووریا مەحاڵە و خەونبینینە

ئەحمەد شەرع دابەشبوونی خاکی سووریای بە خەون بینین لە قەڵەمدا
سەرۆکی سووریا یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و ئەگەری دابەشکردنی وڵاتەکەی بە هەموو شێوەیەک ڕەت کردەوە.
لە میانەی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر، ئەکادیمی، سیاسەتمەدار، و کەسایەتی دیاری پارێزگای ئیدلب، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە توندی ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە بیری دابەشکردنی سووریا دەکەنەوە و گوتی: "هەرکەسێک داوای دابەشبوون بکات لە سووریا، لەڕووی سیاسییەوە نەزانە و خەونبینە". ئاماژەی بەوەشکرد کە "زۆرجار بیرۆکەی خەوناوی، لایەنگرەکانیان بەرەو خۆکوشتن دەبات".
هاوکات شەرع لە وتارێکیدا جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و سیناریۆی دابەشکردنی وڵاتەکەی بە تەواوی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هۆکارەکانی دابەشبوون "لە سووریادا بوونیان نییە و نزیکە لە مەحاڵ".
لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا، پشتبەستنی هەندێک لایەن بە زلهێزەکانی ناوچەکە، وەک ئیسرائیل، زۆر قورسە، ناوچەی باشوور دانیشتووانی چڕ و پڕە و هەر دوژمنێک هەوڵی چوونە ژورەوەی بدات، ناچار دەبێت پۆلیسێک لەبەردەم دەرگای هەموو ماڵێکدا دابنێت و ئەوەش لە واقیعدا قورسە.
هاوکات سەرۆکی سووریا دڵنیایی خۆی نیشاندا و گوتی: "من مەترسی دابەشبوون لە سووریا نابینم،" وە دانی بەوەدانا کە هەندێک لایەن ئارەزووی دابەشکردنی وڵات و دروستکردنی کانتۆنی ناوخۆییان هەیە، بەڵام پێی وایە "لۆژیکی، سیاسی، نەتەوەیی، و کولتوورییەوە ئەمە مەحاڵە".