پایتەخت

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە
کورتە

پارتی جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا دەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی لە ڕاگەیاندراوێکدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات، هەروەها جەخت لە شەراكەت، تەوازوون، تەوافووق، بۆ چارەسەرکردنی كێشەكان لە عێراقێکی فیدڕاڵدا دەکات.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان:

پارتی دیموكراتی كوردستان، حەفتاونۆ ساڵ لەمەوبەر، لە شازدەی ئابی ساڵی ١٩٤٦، کاتێک تاریکایی ستەم و ڕۆژگاری پڕ دەردەسەری باڵی بەسەر ئەو قۆناغەدا کێشابوو، لە وەچەرخانێکی مێژووییدا، دامەزرا تا ببێتە کانگەی ئومێد و هیوای نەتەوەیەك، هەروەها پارتی وەك پێویستییەكی دیرۆکی کە گوزارشت لە خواست و ویستی ئازادیخوازانەی گەلێك دەکات، بەیانی بوون و هەبوونی خۆی دا بۆ ئەوەی نەتەوەی كورد پێگەی شایستەی خۆی بە دەست بێنێتەوە، هەر بۆیە قۆڵی خەباتی لێ هەڵماڵی و بووە دەنگی زوڵاڵی رەتكردنەوەی چەوساندنەوە و بندەستی.
 پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادی گەل و خاک و نیشتمان لە ئەستۆ گرت و لەوساوە تا ئێستا لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ لە دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوتگەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان بەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ شانازییان پێوە دەکەین.
پارتی پشتئەستور بە ڕێباز و دنیابینیی (بارزانیی نەمر) و، بە سوود وەرگرتن لە كەلەپووری دێرینی شۆڕشگێڕانەی گەلەكەمان، چوارچێوەیەكی ئینسانی و سەردەمیانەی بۆ كوردایەتی داڕشت و ئاوێتەی كرد بە بەها بەرزەكان و پرنسیپە ئازادیخواز و پێشكەوتووخوازەكانی مرۆڤایەتی، لەسەر ئەو بنەمایانە هێڵە گشتییەكانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردی داڕشت و ڕابەڕایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی کرد، کە دەستپێکێکی مەزن بوو بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و داکۆکیکردن لەو مافە ڕەوایانە.
خەباتی نەپساوەی چەكداری و سیاسی و دیپلۆماسی و میدیایی پارتیمان لە قۆناغە جیاجیاكانی تێكۆشانیدا، هەروەها لە شۆڕشەكانی ئەیلوولی مەزن و گوڵان و ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١دا و ئەو دەستكەوتانەی لەو كاروانە نەپساوەی پڕ سەروەرییەیدا بەدی هاتوون، لەوانە  ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار) و چەسپاندنى سیستمى فیدراڵى لە عێراقدا گەواهیدەری ئەوەن، كە پارتی هێزێك و ڕێكخستنێكی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و تێكڕای چین و توێژەكان و پێكهاتە فرە نەتەوەیی و ئایینییە جیاجیاكانی كوردستان، هەروەها بە گیانی كوردایەتی و كوردستانی و كولتووری دیالۆگ و برایەتی و پێكەوەژیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و پارچەكانی دیكەی كوردستان كاری كردووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و سەرخستنی دۆزە ڕەواكەمان و دابینكردنی مافەكانمان.
ئەمڕۆ كە یادی شکۆداری ١٦ی ئابە، پارتی ئەو هەموو پیلان و گەلەكۆمەكیەی لێ كرا، وەك پێشڕەوی كوردایەتیی و كۆڵنەدان، وەك هەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و هەڵوێستە سیاسییە نەگۆڕەكانی و خۆڕاگری مەردانەی لە خاك و مافی گەلی كوردستان، هێندەی دیكە پێگەی لەسەر هەموو ئاستەكان بەهێزتر كردووە و بەرنامە نیشتمانسازی و ئاوەدانخوازییەكەشی جێی ئومێدی جەماوەرە، پتەویی ڕیزەكانی نێوخۆشی وایكردووە بە ئەندازەی ئەو پڕكێشییە سەخت و دژوارانە بێت.
پارتیمان، لە ڕوانگەی دڵسۆزی و خەمخۆرییەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی خۆڕاگرەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پارتی پشتیوانیی لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ دەکات، کە بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن، هەروەها جارێکی تر جەخت دەکەینەوە سەر پرەنسیپەکانی: (شەراكەت، تەوازوون، تەوافووق) بۆ چارەسەرکردنی كێشەكان لە عێراقێکی فیدڕاڵدا.

لە لایەکی ترەوە لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر بەشداریکردن و پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە، کە بڕیارە لە ١١/١١/٢٠٢٥ بەڕێوەبچێ، بۆ ئەوەی قۆناغی داهاتوو پڕۆسەی سیاسی لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست دابڕێژرێ و کێشە و قەیرانەکان چارەسەر و بنبڕ بکرێن، بەبێ دەستتێوەردانی دەرەکی و ڕەوت و خولیای تایەفەگەریی چەوت و بەرتەسک و شۆڤێنییانە، هەروەها پێکهێنانى حكوومەتێك كە لە ئاست ئەركەكانی قۆناغەكەدا بێت، بتوانێ سەقامگیریی سیاسیی و سەروەرىی وڵاتەکە بپارێزێ و ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو باشتر ببات و هەڵە و شکستەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە، بۆ ئەمەش چاوەڕوانیمان لە جەماوەرى دڵسۆزى پارتیمان و خەڵکى بەئەمەکى کوردستان و سەرجەم عێراقە، پاڵپشتىی بەرنامە و هەنگاوەکانى پارتیمان بکەن کە جەختکردنەوەیە لەسەر جێبەجێکردنى دەستوور و چەسپاندنى پڕەنسیپەکانى بنیادنانەوەى عێراقى نوێیە، وەکوو وڵاتى هەمووان.
لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوچەکەش، پارتیمان لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت، کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت، وەکوو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە ھەرێم نابێتە گۆڕەپانێک بۆ ھەڕەشە لەسەر ئاسایشیی سنوورەکانی ئەو وڵاتانە و ڕێز لە سەروەریی ھەموو لایەک بگیرێت.

 لەم یادە مەزنە مێژووییەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە جەخت لەسەر بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکان دەکەینەوە، جەخت لەسەر ڕوانگە ڕاستەقینە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەمان دەکەینەوە، بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان و لە خاكەكەمان و لە دەستكەوت و قەوارە نیشتمانییەكەمان و، لە پاراستنى دامودەزگا شەرعیەکانى کوردستان (سەرۆکایەتىی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمانى کوردستان) یەکڕیز و هاوئاراستە و هاوگوتار بین و، هەموو هەوڵێكی ڕژد و دڵسۆزانە بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرنەخستنی هەموو ئەو پیلانە دزێو و هەوڵە نەزۆکانەی مەبەستیانە ئارامی و  سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بشێوێنن.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا، هەمدیسان بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە، وەک هەمیشە لەسەر هەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان.

 لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر) و کاکە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.

 لە یادی ١٦ی ئابدا به‌ڵێن بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ درێژەپێدەری ڕێبازەكەیان بین، كە رێبازی كوردایه‌تی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئه‌و ئه‌زموون و ده‌سكه‌وتانه‌ی‌ به‌رهه‌می خوێنی بە نرخی ئەوانە.

 دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سڵاو و رێز بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزیان ده‌نێرین، سڵاو بۆ یادی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی سه‌رقافڵە‌ی گه‌شانه‌وه‌ی ژیله‌مۆی شۆڕش بوون.

لەم یادە نیشتمانییەدا، سڵاو بۆ سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیى، ئاینى و ئاینزاکانى کوردستان، کە بەشێکى گرنگ و دانەبڕاوى گەلەکەمانن دەنێرین، سڵاوى گەرم بۆ قوتابیان، لاوان، ئافرەتان و، سەرجەم سەندیکا و ڕێکخراوە جەماوەرىی و پیشەییەکان.

 لەم بۆنە مێژووییەدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەڤاڵانمان و کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانمان دەکەین و ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنین لە داکۆکیکردن لە پارتە ڕەسەنەکەیان و سووربوونیان لەسەر بەدیهێنانی ئەو پەیام و پەیمانەی داویانە.

 گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگر و دۆستان و جەماوەری پارتیمان و سەرجەم خەڵكی خۆڕاگر و سەربەرزی كوردستان دەكەین، بە تایبەتیش یەك بە یەكی پێشمەرگە قارەمانەكانمان و دامودەزگا ئەمنییەکان، كە لە سایەی هێز و بازوو و جوامێریی ئەواندا كوردستان پارێزراو و سەربەرز و ئارامە.

 

سەرکەوتن هەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە، بەرز و شەکاوەش بێت ئاڵای کوردستان.

 

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

١٦ی ئابی ٢٠٢٥

15 ئاب 2025 23:02
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025