راگەیەندراوی هاوبەشی شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بڵاوکرایەوە

شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراویکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە
شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراویکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکرایەوە، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر، هەردوو شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بەردەوامییان بەکۆبوونەوەکانیان دا.
هەردوولا باسیان لەوەکرد، لەژێر رۆشناییی ئەو بنەما و پرنسیپانەی لە دیدگای هاوبەشی نێوان هەردوولادا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەو هەنگاوانەی نراون لەپێناو ڕێکخستنی کاری هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی کوردستان، بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها باس لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە کرا.
ئەوەشیان خستەڕوو، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئەو بەڵێنانەی هەردوولا بە جەماوەری خۆیان دابوو و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاری لە پێگەی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاساییی خۆی بکات و هەنگاوەکانی تری پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بن.