وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئیسڕائیلی گەورە دیدگایەکە بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە

وهزارهتی دهرهوهی عێراق به توندی وهڵامی ئیسرائیل دهداتهوه
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەربارەی دیدگای ئیسڕائیلی گەورە ڕایدەگەیەنێت، ئەم دیدگایە ئاشکرایە بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، ئەو لێدوانانەی قەوارەی داگیرکەر سەبارەت بەوەی پێی دەگوترێت "دیدگای ئیسڕائیلی گەورە" بە روونی تەماحە فراوانخوازییەکانی ئەم قەوارەیە ئاشکرا دەکات و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە پشتڕاست دەکاتەوە.
لە درێژی وەڵامی وەزارەتی دەرەوە ئەوەش هاتووە، وەزارەت پێی وایە کە ئەم لێدوانانە گاڵتەکردنێکی ئاشکران بە سەروەریی وڵاتان و پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەی عەرەبی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی لەم شێوەیە.
باس لەوەش دەکات، ئەم لێدوانە بێشەرمانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامیی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەستدرێژی و ئەنجامدانی تاوان دژی گەلی فەڵەستین.
شایەنی باسە لە کۆتایی بڵاوکراوەکە هاتووە، ئەم کردەوانە، کە هاوتەریبن لەگەڵ وتارێکی سیاسیی دامەزراو لەسەر فراوانخوازی و لکاندن، پێویستیان بە جووڵەیەکی کاریگەر هەیە بۆ دانانی سنوورێک بۆ سەرپێچییەکانی داگیرکەر و ڕاگرتنی سیاسەتی دەربازبوون لە سزا.