هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 6 خەرج دەکرێت

شێروان دووبهردانی وردهكاریی هاتنی مووچهی فهرمانبهران و مووچهخۆرانی ههرێمی كوردستانی بۆ پایتهخت خستهڕوو
مووچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەی مانگەکانی 6 و 7ـتن، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش بۆ هەفتەی داهاتوو موژدەی هاتنی مووچە دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەربارەی ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆران بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەغدا ڕێز لە ڕێککەوتنەکە ناگرێت و هەر جارەو بەربەستێک لەبەردەم خەرجکردنی مووچە دروست دەکەن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان هۆکاری نەناردنی مووچە دەخاتەروو، لە دوای ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ڕادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، لە ئێستادا بەغدا ڕازی نییە بە ڕادەستکردنی 120 ملیاری داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بەڵکو داهاتی کارەبا و ئاویشیان دەوێت.
دووپاتیکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە شاندی هەرێم ئەو بەربەستەی لە ڕێککەوتنەکە بۆ داهاتی نانەوتی لەلایەن عێراقەوە دروست کرابوو چارەسەر دەکرێت.
شێروان دووبەردانی دەربارەی وادەی ناردنی مووچەی مانگی 6 ئاشکرای دەکات، پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی کرا ئەوا ئەگەری هەیە کۆتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 6 دێت.
جەختیش لەوەدەکاتەوە، بە هەموو بەهانەکانی تەیف سامییەوە ئەگەر هەیە 5 شەممەی داهاتوو مووچە خەرج بکرێت.
جێگەی باسە، دوێنێ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بڵاویکردەوە، تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا کراوە و بڕی 50 هەزار لیتریش بۆ ناوخۆی هەرێم بەکاردەهێندرێتەوە، ئەوەی پێویستە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەسەر قسەی عێراق و تورکیا ماوەتەوە.
زیاتر لە مانگێکە، بەغدا و هەرێم لەسەر ڕادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی لەیەکترتێگەیشتنێکیان پێکەوە واژووکرد، کە هەرێمی کوردستان نەوت رادەستبکات و بڕی 120 ملیار دیناریش لە داهاتی نانەوتی ڕادەست بکات و لەبەرامبەر ئەوەش دا مووچەی مووچەخۆران لەلایەن عێراقەوە خەرج بکرێت.