پایتەخت

ئێران هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق ڕادەگرێت 

ئێران هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق ڕادەگرێت 
کورتە

لە کاتێکدا کارەبای عێڕاق لەم دوایانەدا کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە ئێرانیش بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەکردنی کارەبای بۆ وڵاتەکە دا



چەندین ساڵە ئێران بەشێک لە کارەبای پێویستی عێراق دابین دەکات، بەڵام بە چەند هۆکارێک چیتر کارەبا بە عێراق نافرۆشێت. 

تا دێت کەشەکە لە عێراق گەرمتر دەبێت و خواستی هاووڵاتییانیش لەسەر کارەبا زۆرتر دەبێت، بەڵام کەمبوونی کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزاریی تەواو تەنگی بە خەڵکی شارەکانی عێراق هەڵچنیوە. 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێران و عێراق چەندین پڕۆژەی گرنگی ئابووریان لەسەر دابینکردنی کارەبا پێکەوە واژۆ کرد، کە ئێران لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بەشێکی سەرەکیی کارەبای عێراقی دابین دەکرد، بەڵام لە ئێستادا کۆمپانیای حکومەتیی تەوانیر, کە سەرەکیترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کارەبایە لە ئێران ڕایگەیاندووە، چیتر ناتوانن کارەبای عێراق دابین بکەن. 

کۆمپانیای تەوانیر هۆکاری ڕاگرتنی هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراقی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوخۆی ئێراندا تووشی گرفت بووە، بە واتایەک بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران گەیشتووەتە پێنج یەکی بەرهەمهێنانی گشتیی کارەبا لەو وڵاتە. 

هاوکات لەگەڵ قەیرانی وزە لە ئێران و نەبوونی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وڵاتە، ئەمریکاش هەڕەشەی لە عێراق کردووە، کە چیتر نابێت کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکات و لە ئەگەری پشتگوێخستنی بڕیارەکە، ئەوا ئەمریکا سزای ئابووریی قورس دەخاتە سەر عێراق. 

شارەزایان و پسپۆڕانی وزە لە عێراق باس لەوە دەکەن، کە ئەگەر هەناردەی کارەبای ئێران بە یەکجاری کۆتایی بێت، ئەوا قەیرانی وزە لە عێراقیش سەر هەڵدەدات، چونکە تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ هەوڵێکی بۆ دابینکردنی کارەبا نەداوە و ئەمەش دەتوانێت ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق تاڵتر بکات.

14 ئاب 2025 13:30
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025