14 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری دیكه‌ی هه‌ولێر زه‌وی وه‌رده‌گرن

تا مانگی 10ی ئه‌مساڵ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر ده‌بنه خاوه‌ن پارچه زه‌وی خۆیان
وا بڕیاره، تا 10 ڕۆژی دیكه زیاتر له 14 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له قه‌زا و ناحیه جیاوازه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر ببنه خاوه‌ن پارچه زه‌وی و ئه‌مڕۆش 2 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری دیكه له هه‌ولێر سوودمه‌ندبوون له پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی زه‌وی.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر له چاوپێكه‌وتنێكی میدیایی ئاشكرای كرد، له ناحییەکانی دارەتوو و کەسنەزان و له سنووری قه‌زای بنه‌سڵاوه تا 10 ڕۆژی دیكه 14 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌ڕێگه‌ی تیروپشكه‌وه ده‌بنه خاوه‌ن پارچه زه‌وی.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، تیروپشكی وه‌رگرتنی زه‌وی به‌رده‌وام ده‌بێت و پلانه‌كه به‌مشێوه‌یه‌یه كه تا مانگی 10ی ئه‌مساڵ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، كه له 35 قه‌زا و ناحیه پێكهاتوون ببنه خاوه‌ن زه‌وی.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ زیاتر له 2 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری دیكه له سنووری شاره‌وانی شه‌مامك بوونه خاوه‌ن زه‌وی و پلانه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان درێژه‌ی ده‌بێت و به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه خاوه‌ن زه‌وی.