نمایشکارێکی ناوداری جیهانی و پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی بە پۆشینی بەرگێکی نائاسایی و سەرنجڕاکێش لە شێوەی دەستێکی بڕاوەی خوێناوی لە بۆنەیەکی ساڵانە لە ئەمریکا دەرکەوت.
 
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاوی کردەوە، هایدی کلوم، مۆدێل و پێشکەشکاری تەلەفزیۆنیی ئەڵمانی-ئەمریکی، لە ئاهەنگی ساڵانەی هاڵۆوین لە شاری نیویۆرک بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و خوێناوی خۆی لە ئاهەنگەکەدا ئامادە بوو.
 
بەپێی دیمەنە بڵاوکراوەکان، ئەم پێشکەشکارە جلوبەرگی دەستێکی بڕاوی زەبەلاحی پۆشیبوو، لە کاتێکدا تەنیا چاوەکان و دەمی دەبینران. ناوبراو لەگەڵ دەستەیەکی یاریدەدەر بە جلوبەرگی پارێزەری خوێناوییەوە دەرکەوت، بەشی سەرەوەی دەستە بڕاوەکەش بە دەمار و شانەی هەڵواسراو نەخشێنرابوو تا دیمەنێکی ترسناک نیشان بدات.
 
بیرۆکەی ئەم داهێنانە لە ساڵی ڕابردووەوە لە مێشکی کلومدا دروست بووە، تا شێوەی دەستی چەپی خۆی لە قەبارەیەکی گەورەدا دروست بکات، بە هەمان ئەو نینۆکە سوورانە و ئەڵقەی هاوسەرگیرییەکەیەوە، هاوکات ناوی هاوسەرەکەی، تۆم کاولیتز، لەسەر پەنجەی دیزاینەکەدا بە خاڵکوتان نەخشێنرابوو، چونکە بەهۆی گەشتێکی هونەرییەوە نەیتوانیبوو لە ئاهەنگەکەدا ئامادە بێت. کلوم کێشی قورسی بەرگەکەی بە سەختترین بەشی پۆشینەکەی ناوی برد.
 
ئەم نمایشکارە لە ساڵانی ڕابردووشدا بە بەرگی نائاسایی سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشاوە، وەک دەرکەوتنی لە شێوەی کرمێکی زەبەلاح لە ساڵی 2022، بوون بە کەسایەتیی ئەفسانەیی مێدوسا، پەیکەری تاووس، کەسایەتییەکی ڕۆبۆتی بە باڵای زیاتر لە 2 مەتر و گورگینەی گۆرانییە بەناوبانگەکەی مایکڵ جاکسۆن.
 
ئاهەنگی ساڵانەی هاڵۆوینی هایدی کلوم، مۆدێل و پێشکەشکاری تەلەفزیۆنیی ئەڵمانی-ئەمریکی، لە ساڵی 2000ەوە دەستی پێکردووە و لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە دیارترین بۆنە هونەرییەکان، ساڵانە چەندین کەسایەتیی دیاری جیهانی تێیدا کۆ دەبنەوە.