گرژییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتی ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە شوێنی نیشتەجێبوونی لە فلۆریدا ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا بەشێکی گەورەی توانستە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناو بردووە و تەنیا یەک یان دوو پێگەی تر ماون، لەوانە چیای ئەسفەهان کە دەکەوێتە 200 کیلۆمەتریی باشووری تاران.
سەرۆکی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە توانای لەناو بردنی ئەو شوێنانەشیان لە ماوەی 10 خولەکدا هەیە. لە بەرامبەردا مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد تا ئێستا بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنی هێرشی نوێ نەدراوە و واشنتن دەرگای بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
هاوکات، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران هۆشداریی دایە واشنتن و ئیسرائیل و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی ڕاسپارد بە شێوەیەکی کاریگەر و بێ سنووردارکردنی جوگرافی دەستبەجێ وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەیان بدەنەوە.
هەروەها عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاند کە تاران لەم دۆخەدا هیچ پێویستییەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا نابینێت و مەرجەکانیان لە ڕێگەی دەوڵەتی قەتەرەوە وەک نێوەندگیر دەگەیەننە لایەنی بەرامبەر.
ناکۆکییەکان لەسەر گەرووی هورمز لە لووتکەدایە دوای ئەوەی سوپای ئێران ئاشکرای کرد کەشتییەکی نەوتهەڵگر بەهۆی بەریەککەوتن لەگەڵ مین ئاگری گرتووە، لە هەمان کاتدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەم دۆخە بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ڕووخاندنی حکومەتی ئێران ناو دەبات،لە شەقامەکانی تارانیشدا هاووڵاتییان چاوەڕوانی دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ دەکەن.