پزیشکانی پسپۆڕ لە شاری هەولێر لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامێری ناوبینەوە، توانییان 3 پوولی دۆمینە لە گەدەی مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵدا بەسەرکەوتوویی دەربهێنن و ژیانی لە مەترسی ڕزگار بکەن.

 

ئەمڕۆ بەشی ڕاگەیاندن و پێوەندییەکانی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری لە هەولێر بڵاویکردەوە، بەشی هەرس، جگەر و ناوبینی پێشوازی لە نەخۆشێکی لەم شێوەیە بە دۆخێکی کتوپڕەوە کردووە و دەستبەجێ ڕێکاری پزیشکی پێویستی بۆ گیراوەتە بەر.

 

بەپێی زانیارییەکانی نەخۆشخانەکە، لە دەستوەردانێکی وردی پزیشکیدا و بەبێ پەنابردنە بەر نەشتەرگەریی کراوە، تەواوی پوولەکانی دۆمینە لە ڕێگەی ناوبینەوە لە گەدەی نەخۆشەکەدا دەرهێنران.

 

لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی مێردمنداڵەکە جێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکانی بەشەکەدا قۆناغی مەترسیی تێپەڕاندووە.

 

قوتدانی تەنی ڕەق لەلایەن منداڵان و مێردمنداڵانەوە یەکێکە لە ڕووداوە پڕمەترسییەکان کە لە ئەگەری دەستپێڕانەگەیشتنی خێرای پزیشکیدا، دەبێتە هۆی برینداربوون و گیرانی کۆئەندامی هەرس.