پسپۆڕێکی باڵای بواری ئابووریی عێراقی چارەسەری قەیرانی دراو و کەمکردنەوەی جیاوازیی نرخی دیناری بە بەتاڵکردنی باری فڕۆکە نەختینەیییەکان لە بۆرسە سەرەکییەکانی وڵاتەکە بەستەوە.
ئەمڕۆ نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی بواری ئابووری عێراقی ڕایگەیاند، ئەگەر فڕۆکەکانی بارهەڵگری دۆلار بەشێک لە نەختینەکەیان لە بۆرسەی کوردستان یان بۆرسەی شەقامی کیفاح لە بەغدا دانەبەزێنن، بە هیچ شێوەیەک جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی هاوتەریبی دینار بەرامبەر دۆلار کەم نابێتەوە.
ئەم پسپۆڕە ئابوورییە ڕوونیشی کردەوە، ئەم میکانیزمە نوێیە دەبێت لە ڕێگەی زیادکردنی پشکی دۆلاری گەشتیارانەوە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی نەختینەی پێویست بچێتە ناو بازاڕەوە و پەستانی سەر بۆرسە ناوخۆییەکان کەم ببێتەوە.
ئەم بۆچوونە لە کاتێکدایە، بەهۆی کەمبوونەوەی هاتنی باری دۆلاری نەختینەیی لە ئەمریکاوە و سنووردارکردنی پێدانی دۆلاری فەرمی بە گەشتیاران بۆ تەنیا دوو جار لە ساڵێکدا، قەیرانی کەمیی دۆلاری کاش لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان قووڵتر بووەتەوە.
ئەم کەمییەی نەختینە، خواستێکی زۆری لەسەر بازاڕی ئازاد دروست کردووە، بە جۆرێک نرخی 100 دۆلار لە بۆرسەکاندا بەردەوام بەرزترە لە نرخی فەرمیی دیاریکراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کە بە 1320 دینار جێگیر کراوە.
عێراق لە کۆتایی ساڵی 2022وە، بەهۆی سەپاندنی ڕێکارە توندەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر حەواڵە داراییەکان و چاودێریکردنی دزەکردنی دراو، ڕووبەڕووی جیاوازییەکی بەردەوامی بەهای دینار بووەتەوە لە نێوان بازاڕی فەرمی و بازاڕی ئازاددا