وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، پابەندی ڕێککەوتننامەی شنگال بێت یان ئەگەر جێبەجێکردنی ئەستەمە، ڕا و ئیرادەی ئێزدییەکان بۆ بڕیاردان لەسەر ئایندەی خۆیان بگەڕێنرێتەوە.

ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی شنگال بڵاوکردەوە و نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو لێکتێگەیشتنانەی حکومەتی فیدراڵ کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ هەرێم ئەنجامیان دەدات.

وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە، هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی 2020 بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە، بە بیر هەموو لایەکی هێنایەوە کە شنگال و چیای شنگال بە قوربانیدانی 500 شەهید و300 برینداری پێشمەرگە ئازاد کراوە و دەبێت ڕێز لەو تێکۆشانە بگیرێت.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگال تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە، سەقامگیرکردنی ئاسایشە، تاوەکو زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ سەر زێدی خۆیان خۆش بکات.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم داوای لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، پابەندی ڕێککەوتنەکە و بەرنامەی حکومەتەکانی بێت، هەروەها ئەگەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵکی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان تاوەکو خۆیان بڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن، چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە و ئارامیی خەڵکەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکەوەیە.