ئەنجامە نوێیەکانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی ئیسرائیل ئاشکرای دەکەن، باڵی ڕاستڕەوی سەر بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە مسۆگەرکردنی نزیکەی 60 کورسی لە پێشەوەیە، لە کاتێکدا بەرەی ئۆپۆزسیۆن نزیکەی 50 کورسیی بەدەستهێناوە.

ئەمڕۆ میدیا نێودەوڵەتییەکان وردەکاریی دابەشبوونی کورسییەکانی خولی نوێی پەرلەمانی ئیسرائیلیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاوپەیمانییەکەی بنیامین نەتەنیاهو توانیویەتی 56 کورسی دەستەبەر بکات، هاوکات هاوپەیمانیی گادی ئایزنکۆت 49 کورسیی بەدەستهێناوە و لایەنە عەرەبییەکانیش گەیشتوونەتە 15 کورسی.

بەپێی نوێترین زانیارییەکان، لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەکان بە جیا، پارتی دیموکراتەکان 9 کورسی، یەهوودییەتی یەکگرتوو 9 کورسی، پارتی ئیسرائیل بەیتەنو 8 کورسی، هەروەها هەردوو پارتی شاس و عوتسما یەهوودیت هەریەکەیان 7 کورسییان بردووەتەوە.

پارتی زایۆنیزمی ئایینی توانیویەتی 6 کورسی لە پەرلەمان مسۆگەر بکات، لە بەرامبەردا لە بەرەی نوێنەرانی عەرەبدا لیستی هاوبەش 11 کورسی و پارتی ڕەعام 4 کورسییان مسۆگەر کردووە، ئەم دابەشبوونە ئاڵۆزە وا دەکات پرۆسەی دانوستاندن بۆ گەیشتن بە بەربەستی یاسایی 61 کورسی پێویستی بە سازشی قورس بێت لە نێوان باڵی توندڕەوی ناسیۆنالیست و لایەنە ئۆرسۆدۆکس و ئۆپۆزسیۆندا.

ئەم دەنگدانە، بە یەکێک لە هەستیارترین پرۆسە دیموکراسییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو دادەنرێت لە ئیسرائیل، پاش زنجیرەیەک شەڕی ناوچەیی و قەیرانی درێژخایەنی سیاسی کە وڵاتەکەی خستبووە بەردەم دابەشبوونێکی قووڵی کۆمەڵایەتی.