وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەندامانی پارتی لیکود دژی نەتەنیاهو هەڵبگەڕێنەوە و حکومەتێک بەبێ بەشداری ئەو پێکبهێنن.

ئەمڕۆ کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئەڤیگدۆر لیبەرمان، سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی 'ئیسرائیل بەیتێنۆ' و وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل داوای لە ئەندامانی پارتەکەی بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (لیکود) کردووە دژی بووەستنەوە و شۆڕش بکەن.

ئەڤیگدۆر لیبەرمان دوێنێ شەو دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان گووتی: "ئەو شتەی ئێستا زۆر ڕوونە، ئەوەیە کە نەتەنیاهو وەک سەرۆکی رێکخراوێکی تاوانکار مامەڵەی کردووە، سەرجەم هێڵە سوورەکانی بەزاندووە."

 وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەی ڕەخنەکانی لە نەتەنیاهو، ناوبراوی بە "لەناوبردنی بەرەی نیشتیمانی" تۆمەتبار کرد، جەختیشی کردەوە کە چەندین کەس لە ئەندامانی پارتی لیکودی نەتەنیاهو پەیوەندییان پێیەوە کردووە و ئەویش داوای لێکردوون: "ئاڵای یاخیبوون بەرزبکەنەوە و ئەوەی لە مێشکتاندایە بە شێوەیەکی ئاشكرا دەری ببڕن."

ئەم هەوڵانەی سەرۆکی پارتی 'ئیسرائیل بەیتێنۆ' دژی نەتەنیاهو دەکرێت بە مانای پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش بێت لەگەڵ گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی  'یەشار' و ڕکابەری سەرسەختی نەتەنیاهو بەبێ پاڵپشتی پارتی عەرەبەکان، پارتی نەتەنیاهو، زایۆنیزمی ئاینی و سەرجەم پارتەکانی دیکە.

بەپێی دواین ئاماری سەرەتایی 66%ـی هەڵبژاردنەکان، کە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، پارتەکەی نەتەنیاهو 54 کورسی، پارتی ئایزنکۆت 48 کورسی و لیستی عەرەبیش 18 کورسییان بەدەستهێناوە.